باڵەخانەی پەڕلەمانی کوردستان - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
هێشتا یەکگرتووەکان خۆیان یەکلایی نەکردۆتەوە
بزوتنەوەی ئیسلامی دەبێتە خاوەنی دوو پەرلەمانتار
964+
فەرمان سادق
پەرلەمانی کوردستان بۆ متمانەدان بە حەوت پەرلەمانتار و پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن کۆدەبێتەوە.
بڕیارە لە دانیشتنی سبەی چوارشەممە 15.3.2023، پەرلەمانی کوردستان متمانە بە حەوت پەرلەمانتاری نوێ بدات.
لە دانیشتنی ژمارەی (2)ـی ئاسایی خولی بههارهى ساڵی پێنجهم له خولی پێنجهمی ههڵبژاردنی پهرلهمان، ناو و سیڤی هەریەکە لە حوسێن عوسمان شەریف، ئیسلام سەعدی عەلی، عەبدوڵا حەسەن وەرتی، لەیلا عەلی عەبدولعەزیز، بیروان فەقێ ئیسماعیل، دلێر عەبدولخالق حاجی، مەهدی عەلی عەبدوڵا، دەخاتە بەردەست ئەندامانی پەرلەمان بۆ شوێنگرتنەوەی هەریەکە لە شێرکۆ جەودەت، ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئیسماعیل عەلی، سەرچنار ئەحمەد، هەلز ئەحمەد، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکگرتوو، هەروەها عەلی حەمەساڵح و کازم فاروق.
عەبدوڵا وەرتی و لەیلا عەلی دەبنە پەرلەمانتاری بزوتنەوەی ئیسلامی
لەو پینج پەرلەمانتارەی نوێیەی دەچنە پەرلەمانەوە، دوو لەوان لە بزوتنەوەی ئیسلامیین ئەوانیش عەبدوڵا وەرتی و لەیلا عەلی، سێ پەرلەمانتارەکەی دیکەی کە جێگەی پەرلەمانتارانی یەکگرتووی ئیسلامی دەگرنەوە، خۆیان ئەندامی یەکگرتوون، هێشتا دیار نییە پابەندی بڕیاری حزبەکەیان دەبن کە نەچنە پەرلەمان یان نا.
هاوکات هەر لە دانیشتنەکەی سبەی پەرلەماندا، لیژنەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە پاڵاوتنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران دروستدەکرێت.