ئامێدى
پاسێکى خوێندکارانى زانکۆ وەرگەڕا؛ 14 خوێندکار بریندارن
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، نزیک کاتژمێر 08:00ـى بەیانی، بەهۆی بارانی بەلێزمە و بارینی تەرزەیەکی زۆر، پاسێکی گواستنەوەی خوێندکارانی زانکۆی زاخۆ لە گوندی تاژیکای سەر بە ناحەی سەرسنگ وەرگەڕا.
پاسەکە خوێندکارانی قەزای ئامێدی بەرەو زانکۆی زاخۆ دەگواستەوە، کە بەهۆی رووداوەکەوە 14 خوێندکاری کچ بریندار بوون. دوای رووداوەکە، بریندارەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی ئازادیی فێرکاری و چارەسەری سەرەتاییان بۆ کراوە.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی ئازادیی فێرکاری بە میدیای 964ـى راگەیاند: “خۆشبەختانە برینی هەموو خوێندکارەکان سووکە و برینەکانیان لە ناوچەکانی دەست، قاچ، مل و پشتیان بووە، لە ئێستاشدا تەندروستییان جێگیرە و کەسوکاریان لەلایانن.”
لەلایەکی دیکەوە، د. دیار هالۆ، سەرۆکی زانکۆی زاخۆ بە میدیای 964ی راگەیاند، کە زانکۆ هەموو هاوکارییەکی پێویستیان دەکات، چ لە رووی دابینکردنی چارەسەری پزیشکییەوە بێت یان ئاسانکاری بۆ کاروباری خوێندن و دەوامیان لە زانکۆ.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح