گەمارۆ و نرخی نەوت و نیازپاکی ئێران
چی ڕوویدا
964+
ژووری هەواڵ
شەوى رابردوو ئەمریکا بڕیاریدا، ئێوارەى ئەمڕۆ بەندەرەکانى ئێران گەمارۆیان دەخرێتەسەر، نرخى نەوتیش بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و عێراق لە مانگى سێ دا بە بەهاى زیاتر لە 133 ملیۆن دۆلار نەوتى هەرێمى فرۆشتوووە.
بۆ ئەوەى دانەبڕێى لە زانیارى و هەواڵەکانى شەوى رابردوو و ئەم بەرەبەیانییە، لێرە کورتەکەى بخوێننەوە:
📌شەوی رابردوو زاناو کەسایەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی هەڵەبجە؛ مامۆستا مەلا عباس ئەڵـڵا کەرەم زەردەهاڵی پێش نوێژ و وتارخوێنی پێشووی مزگەوتی گوندی زەردەهاڵ دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.
📌سەرەڕاى قەیرانى جەنگ، بەڵام عێراق لە مانگى سێ دا 1 ملیار و 957 ملیۆن دۆلارى لە فرۆشتنى نەوت دەستکەوتووە.
📌لە مانگى سێ دا، عێراق 133 ملیۆن دۆلارى لە فرۆشى نەوتى هەرێم دەستکەوتووە.
📌شەوى رابردوو، ئیلامییەکیان لە ئێران بۆ شەوی 43مین بە وتنەوەی درووشمی “حەیدەر حەیدەر” پاڵپشتی خۆیان بۆ وڵاتەکەیان دەردەبڕى.
📌وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ترەمپ بیر لە لێدانی سنووردار دەکاتەوە لە دژی ئێران دوای شکستی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد.
📌بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ: ABC NEWS ئێران لە کاتی دانوستانەکاندا دەستبەرداربوون لە پیتاندنی یۆرانیۆمی ئاستبەرزی رەتکردەوە.
📌لە کاتژمێر 5ـى ئێوارەى ئەمڕۆوە، گەمارۆى بەندەرەکانى ئێران دەستپێدەکات کە شەوى رابردوو فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، بڕیارى لێدا.
📌بەپێی قسەی بەرپرسانی ئەمریکا، بڕیاری ترەمپ بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی کەمترین بژاردەی خراپە کە لەبەردەستدایە.
📌حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، لەگەڵ فەرەنسا و هاوبەشانی دیکە، کاردەکەین بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەک بۆ ئازادیی هاتوچۆی دەریاوانی، بەڵام لەگەڵ ئەمریکا بەشداریی گەمارۆدانی گەرووی هورمز ناکەن.
📌دوای گەڕانەوەی لە پاکستان محەمەد باقر قالیباف وتی، “ئەگەر شەڕ بکەن، شەڕ دەکەین و ئەگەریش بە لۆژیک بێنە پێشەوە بە لۆژیک هەڵسوکەوت دەکەین”.
📌مەسعود پزیشیکیان سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا واز لە خۆسەپێنی بهێنێت و رێز لە مافی گەلی ئێران بگرێت، بەدڵنیاییەوە رێگەیەک بۆ گەیشتن بە رێککەوتن پەیدا دەبێت.
📌شەهرام ئێرانی فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای ئێران هەڕەشەکانی ترەمپ بە گاڵتەجاڕانە و پێکەنیناوی وەسف دەکات و دەڵێت، پیاوە ئازاکانی هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامی ئێران چاودێری و سەرپەرشتی هەموو جموجۆڵەکانی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەن.
📌عەباس عێراقچى: ئێمە بە نیازپاکییەوە لەگەڵ ئەمریکا پەیوەندیمان کرد بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنین، بەڵام هەر لەو کاتەی کە تەنیا چەند هەنگاوێک لە “رێککەوتنی ئیسلام ئاباد” دوور بوو، رووبەڕووی زیادەڕەوی و گۆڕینی بەردەوامی ئامانجەکان و هەڕەشەی گەمارۆدان بووینەوە.
📌کاریگەرى هەموو ئەو رووداوانە، بوونەتە هۆى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت و لە ئێستادا بەرمیلێک خاوى برێنت لەسەروو 102 دۆلارە.