ئەو گەنجەی کەوتەناو رووبارەکە خنکا
داوا دەکرێت چوپ و ئامێری رزگارکردن لە کۆرنیشی زاخۆ دابنرێت
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
ئەو گەنجەی لە کۆرنیشی زاخۆ کەوتەناو رووباری خابوور خنکا و تا ئێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
رووداوەکە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 23.3.2026 روویدا، دوای رووداوەکە هاوڵاتیانی دانیشتووی زاخۆ لەرێی 964ـەوە داوا دەکەن، بەدرێژایی کۆرنیشەکە چوپ و ئامێری رزگارکردن دابنرێت، بۆ ئەوەی رووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.
سەبارەت بەو بابەتە 964 قسەی لەگەڵ کاروان سلێڤانەی سەرپەرشتیاری کۆرنیشی زاخۆ کرد، ئەو دەڵێت، “گەنجەکە لە قۆناغی دووەمی کۆرنیشەکە خنکاوە کە تا ئێستا کارکردن لەو شوێنە کۆتایی نەهاتووە، دوای کوتاییهاتنی کارەکان چۆپ و قادرمە و کەرەستەی پێویست بۆ ئەو جۆرە حاڵەتانە دادەنرێت”.
هێشتا دیار نییە ئەو گەنجەی ئەمڕۆ خنکا تەمەنی چەند ساڵە و خەڵکی کوێیە، گەڕانی تیمەکانی غەواس و بەرگری شارستانیش بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی بەردەوامە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری