لە هەموو لایەکەوە ئاو دەڕژێت

سەیرانگاى گەلى عەلى بەگ ژێر ئاو کەوت

964+
ئاکام غەفور- سۆران

بەهۆی ئەو بارانە لێزمەیەی ئەمڕۆ سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی گرتووەتەوە، ئاستی ئاو لە هاوینەواری گەلی عەلی بەگ بە شێوەیەکی بەچاو بەرزبووەتەوە و زیانی بە کەپرە گەشتیارییەکان گەیاندووە.

دیمەنەکان لە ناو گەلی عەلی بەگ بەشێوەیەکە، تەنیا تاڤگە ناودارەکە نییە کە ئاوی لێ دەڕژێت، بەڵکو لە هەر لایەکی چیاکە دەڕوانیت، ئاو وەک تاڤگەی بچووک لە بەرزاییەکانەوە دێتە خوارەوە و راستەوخۆ تێکەڵ بە رووبارەکە دەبێت.

بەهۆی بەرزبوونەوەی کتوپڕی ئاستی ئاو، زۆربەی کەپرە گەشتیارییەکانی سەر رووبارەکە ژێر ئاو کەوتوون و بوونەتە بەشێک لە رووبارەکە.

شاخەکانی دەوروبەری گەلی عەلی بەگ هەموویان بوونەتە تاڤگە و ئاوێکی زۆر لە لووتکەکانەوە بەرەو دۆڵەکە دەڕژێت.

ئاستی ئاوی ڕووبارەکە بە شێوەیەک بەرزبووەتەوە کە مەترسی بۆ سەر ئەو شوێنە گەشتیارییانە دروست کردووە کە لە لێواری ئاوەکە نێزیکن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح