میوانداریی دانوستانی ئەمریکا و ئێران دەکات
پاکستان رێوشوێنی ئەمنیی توندی گرتووتەبەر
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان، دانوستانی ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهاێنان بە شەڕ لەخۆدەگرێت، بۆ ئەمەش رێوشوێنی توندی ئەمنی گیراوەتەبەر.
بە گوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ، هێزی ئەمنیی زۆرتر هێنراوەتە ئیسلامئاباد و هێزێکی پۆلیسی تایبەتشی لە ویلایەتی پەنجابەوە هاتوون.
هەروەها سوپای پاکستان دەوروبەری ناوچەی سەرۆکایەتی دەپارێزن و رێگاکانی چوون بەرەو ناوچەی سەرۆکایەتی کۆمار و حکومەت (ناوچەی سوور) داخراوە.
حکومەتی پاکستان هەر بەم بۆنەیەوە ئەمڕۆ و سبەی و یەکشەممەشی کردووە بە پشووی فەرمی لە وڵاتەکەدا.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، هێشتا باڵەخانەی شوێنی دانوستانەکان دیاریی نەکراوە، هەروەها دیار نییە دانوستانەکان راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەبن لە نێوان شاندی هەردوولا.
پێشتر بڕیار بوو ئەمڕۆ هەینی دانوستانەکان بەڕێوەبپچن، بەڵام پێدەچێت سبەی شەممە دەستپێبکات، چونکە ئەمڕۆ شاندی ئەمریکا بەرەو پاکستان بەڕێکەوتوون و شاندی ئێرانیش گەیشتوون.
دوای نزیکەی چل رۆژ لە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران، سبەی بە ناوبژیوانی و میوانداریی پاکستان گفتوگۆ و دانوستانی ئەمریکا و ئێران دەستپێدەکات و چاوەڕێدەکرێت رەوشەکە ئەرێنی بێت.