بۆیەی رەشیان بەکار هێناوە

کەسانی نەناسراو بۆیەیان بە زیاتر لە 15 گۆڕدا کرد لە زەڕایەن

بڕوا مەجید – شارەزوور

لە گۆڕستانەکەی ناحیەی زەڕایەن کێلی زیاتر لە 15 گۆڕ بۆیەیان پێداکراوە و نوسینی سەر کێلەکانیان سڕاوەتەوە، نازاندرێت کێن ئەم کارەیان کردووە، بەڵام بەڕێوەبەری ناحیە دەڵێت بەدواداچوونی بۆ دەکەن.

گۆڕستانەکە، گەورە و فراوانە گۆڕی مردووانی شارەزوور و زەڕایەن و گوندەکانی دەوروبەریان تێدا نێژراوە، 964 بەشێوەیەکی مەیدانی دیمەنی گۆڕەکانی تۆمار کردووە و لە پەیوەندییەکیشدا سەلام محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن، رەتی کردەوە کە بەم کارەی زانیبێت، بەهۆی ئەوەی گۆڕستانەکە پاسەوانی نییە.

بەڕێوەبەری ناحیە بە 964ـی وت، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبەتیش ئەمنییەکان رادەسپێرن بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی ئەم کارەیان کردووە.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن