تێکشکاندنى پەیکەرەکە

نمایشى رژێمە کەوتووەکان؛ ئەو رۆژەى سەدام کەوتنى بەخۆى بە چاوەکانى دیت

964+

ژوورى هەواڵ

لە هەموو لایەکی شارەوە ئاگرو دوکەڵ بەرزدەبووەوە، تانکەکانی ئەمەریکا تا قەراغی بەغدا هاتبوون، داروپەردووی باڵەخانەکان وەک ورەی سوپاو چەکدارەکان رووخابوون، کەچی رێک لەو کاتەدا سەدام بە جلێکی زەیتوونییەوە چووە ناو خەڵک و سەربازو ئەفسەرەکان، خەڵکی ئەو ناوچەیە دانە دانە دەهاتن دەست و شانیان ماچ دەکرد. دیکتاتۆرەکەی عێراق خۆشی لەم دیمەنە دەهات و بە بزەو نەشئەی سەرکەوتنەوە وەڵامی دەدانەوە.
مێژووی ئەم دیمەنانە دەگەڕێنەوە بۆ 4ی نیسانی 2003، ئەو رۆژە سەدام چووەتە شەقامی بەناوبانگی مەنسوور لە بەغداو خەڵکەکەش جا لە ترسدا بێت یان لە خۆشیاندا هەموو پێکەوە هاواریان دەکرد (بەرۆح و بەخوێن، خۆمان دەکەینە فیدای سەدام) ئەو دروشمەی 24 ساڵ عێراقییەکان بۆ سەدامیان دەوتەوە، ئەو رۆژە سەدام هەرچەند وای نیشان دەدا کە ورەی بەرزە، بەڵام ناوە ناوە لایەکی چاو تەماشای ئاسمانی دەکرد، نەوەک فڕۆکە ئەمەریکییەکان گورزێک بوەشێنن، چونکە ئەوکات ئەوان ئاسمانی عێراقیان بە دەستەوە بوو.
پێش ئەم رووداوە دواهەمین دەرکەوتنی ئاشکرای سەدام دەگەڕایەوە بۆ دووساڵ لەوەوبەر بۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2001، بەڵام لەو دۆخە سەختەدا دیسان بڕیاریدا دەربکەوێتەوە بۆ ئەوەی ورەی داتەپیوی هێزەکەی بەرز بکاتەوە، چونکە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە بوون کەوتنی رژێم لە ئان و ساتدایە.
تەلەفزیۆنی عێراقی بۆ ماوەی چەند رۆژێک نان و پیازی بەو دیمەنەوە خواردو دەیوت هەموو شتێک لە ژێر کۆنترۆڵدایە، بەڵام تەنیا عێراقییەکان خۆیان دەیانزانی هەموو ئەوەی دەوترێ و پیشان دەدرێت راست نییە.
پێنج رۆژ دواتر، خەڵکی بەغداو باقی عێراقییەکان بە چاوی خۆیان بینیان کە چۆن تانکەکانی ئەمەریکا لەسەر پردە بەناوبانگەکانی بەغداو لە دووری چەند کیلۆمەترێک لە کۆشکە زۆرو زەوەندەکانی سەدامەوە دەهاتن و دەچوون و روویان دەکردە ناوەڕاستی شار، کەچی رۆژی 9ی نیسانی 2003 رێک رۆژی کەوتنی بەغدا سەدام لەناو خەڵکدا دەرکەوتەوە، ئەمجارە لە ئەعزەمییە لەبەردەم مزگەوتی ئەبوحەنیفە، خەڵک دیسان بەچەپڵەو هوتافدان لێی کۆبوونەوە.
یەکێک لە شایەتحاڵەکانی ئەو دیمەنە دەڵێت: ژنێک لە ناو ئامادەبووانەوە هاواری کرد: ئەبو عودەی دیارە زۆر ماندوو بوویت، سەدامیش وەڵامی دایەوە، ماندوو نیم، سەرکەوتن نزیکە.
ئەو سەرکەوتنەی سەدام باسی دەکرد هەر چەند خولەکێک دواتر دەرکەوت، ئەمەریکییەکان پەیکەرە بەناوبانگەکەی سەدامیان لە بنەوە لە گۆڕەپانی فیردەوس هەڵکەندو عێراقییە داخ لە دڵەکانیش بە نەعل کەوتنە سەروگێلاکی، ئەو رۆژە بووە رۆژی فەرمی کەوتنی رژێمەکەی رژێم.
ساڵانی دواتر خەلیل دلێمی پارێزەرەکەی سەدام ئاشکرای کرد کە ئەو رۆژە سەدام بە چاوی خۆی کەوتنی پەیکەرەکەی لە بەغدا بینیوەو هەر 50 مەترێک لێوەی دوور بووە.
دوای دامرکانەوەی تەپوتۆزی شەڕ، ئینجا دەرکەوت ئەو نمایشەی سەدام و بەعس هیچ نەبوو جگە لە باڵۆنێکی پڕ هەوا کە زوو بەتاڵ کرایەوە، نمایشێک کە زۆر جار رژێمە داڕوخاوەکان وەک دوا چڵە پووش دەستی پێوە دەگرن