چالاکوانانی هەڵەبجە سوورن لەسەر خۆپیشاندان
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 3:30 دوانیوەڕۆ، بەشێک لە چین و توێژە جیاوازەکانی هەڵەبجە خۆپشاندان بکەن، سەرەڕای دەستگیرکردن و دواتر ئازادکردنی بەشێک لە چالاکوانەکانی ئەو شارە.
دانا عەبدول یەکێکە لە سەرپەرشتیارانی خۆپشاندانەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، “ئێمە هیچ چاو سوورکردنەوەیەک نامانوەستێنێت و ئەمڕۆ خۆپشاندانی جەماوەری سازدەکەین لە فولکەی عومەری خاوەرەوە بۆ ناوبازاڕ لە پای فەرامۆشکردنی هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتەوە”.
هەروەها وتی، “سەرجەم چین و توێژەکانی هەڵەبجە تێیدا بەشدار دەبن و بڕیارە زنجیرەیەک لە ناڕەزایەتی و گردبوونەوە لە داهاتوودا درێژە پێبدەین”.
لەبارەی شێوازی خۆپیشاندانەکەوە، دانا عەبدول دەڵێت، “بە دڵنیییەوە بە شێوازێکی ئاشتیانە و مەدەنیانە خۆپیشاندانەکە بەڕێوەدەچێت، سەرەڕای دەستگیرکردنی بەشێکمان لەلایەن ئاسایشەوە، بەڵام ئەمە واناکات کە ئێمە ساردببینەوە بەڵکو زیاتر هانمان دەدات کە سوور بین لەسەر داواکاریەکانمان”.