محەمەد باقر قالیباف سەرۆکى پەرلەمانى ئێران
"ئاگربەست و دانوستان بێمانایە"
قالیباف: ئەمریکا 3 خاڵی “چوارچێوەی رێککەوتنەکە”ی پێشێل کرد
964+
وریا فەتاح
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە بەیاننامەیەکی تونددا رایگەیاند، دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا هیچ مانایەکی نەماوە، چونکە واشنتۆن پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی ئیسلام ئاباد، سێ خاڵی سەرەکیی رێککەوتنەکەی پێشێل کردووە.
سێ هێڵە سوورەکەی ئێران کە بە وتەی قالیباف شکێنراون:
1. ئاگربەستی لوبنان: قالیباف دەڵێت، بڕیار بوو ئاگربەستەکە لوبنانیش بگرێتەوە وەک ئەوەی سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئاماژەی پێدابوو، بەڵام هێرشەکان بۆ سەر لوبنان بەردەوامن.
2. پێشێلکردنی ئاسمانی ئێران: تاران دەڵێت خستنەخوارەوەی درۆنێکی “دەستدرێژیکار” لە شاری لاری پارێزگای فارس، پێشێلکردنی راشکاوی ئەو خاڵەیە کە قەدەغەی هەر هێرشێکی بۆ سەر ئاسمانی ئێران کردبوو.
3. مافی پیتاندنی یۆرانیۆم: قالیباف ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکا “مافی پیتاندنی یۆرانیۆم”ی بۆ ئێران رەتکردووەتەوە، کە خاڵی شەشەمی چوارچێوەی رێککەوتنە دە خاڵییەکەی تاران بووە.
“ئێمە لە سەرەتاوە بە بێمتمانەییەوە چاودێری پڕۆسەکەمان دەکرد. ئێستا کە چوارچێوەی بنەڕەتیی دانوستانەکان پێش دەستپێکردن شکێنراوە، نە ئاگربەستی دوولایەنە مانای هەیە و نە دانوستانەکان.” قالیباف وا دەڵێت.