بەڵام بە مەرج؛ ئێران لە گەرووى هورمز فەرشى سوور بۆ عێراق رادەخات
964+
وریا فەتاح
وتەبێژى فەیلەقى “خاتەم ئەلئەنبیا”، فەرشى سوورى بۆ عێراق راخست ئەگەر بیانەوێت گەرووى هورمز بەکاربهێنن، بەڵام ئەم دیارییە بێ بەرامبەر نییە،”دەبێت عێراق هێزەکانى ئەمریکا لە خاکەکەى دەربکات”
ئەمڕۆ شەممە، بارەگاى “خاتەم ئەلئەنبیا”ی ئێرانی، وتارێکی تەواوی بۆ عێراقییەکان تەرخان کرد و تێیدا مژدەی ئەوەی پێدان کە عێراق لە هەموو ئەو سنووردارکردنانە بەدەر دەبێت کە خراونەتە سەر هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا.
ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی فەیلەقەکە رایگەیاند: “گەرووی هورمز تەنیا بە رووی وڵاتانی دوژمندا دادەخرێت، بەڵام بۆ عێراق واڵایە.”
ئەم “دیارییە” بێ بەرامبەر نییە، زولفەقاری راستەوخۆ داوای لە عێراقییەکان کرد ئەمە وەک “دەرفەتێکی مێژوویی” بەکاربهێنن بۆ ئەوەی کۆتایی بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکەکەیان بهێنن.
وتەبێژی فەیلەقەکە بە زمانێکی توند باسی لەوەش کردووە، کە کاتی ئەوە هاتووە عێراق چیتر رێگە نەدات “سەروەت و سامانە زەبەلاحەکەی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە تاڵان بکرێت” و دەڵێت، دەرکردنی ئەمریکییەکان کلیلی بەدەستهێنانی ئاسایشێکی بەردەوامە.
کورتەی پەیامەکەی تاران بۆ عیراق ئەوەیە،”ئێمە ڕێگەی بازرگانیتان بۆ دەکەینەوە، ئێوەش ئەمریکییەکان دەربکەن.”