150 قەرەوێڵەییە

دوای 14 ساڵ چاوەڕوانی؛ نەخۆشخانە گەورەکەی خورماتوو مانگی حوزەیران دەکرێتەوە

964+

سیروان خورشید – خورماتوو

بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، نەخۆشخانە 150 قەروێڵەییەکەی خورماتوو بە رووی هاوڵاتیاندا بکرێتەوە و کۆتایی بە گەشتی نەخۆشانی قەزاکە بۆ شارەکانی دیکە بهێنێت.

ئەمڕۆ لیژنەیەک لە وەزارەتی تەندروستی عێراق، بە یاوەری قایمقام و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەردانی پڕۆژەکەیان کرد بۆ ئاگاداربوون لە دوایین قۆناغەکانی کارکردن تێیدا.

زولفەقار حەیدەر، قایمقامی خورماتوو بە 964ـى وت: “نزیەکەی سێ مانگی دیکە نەخۆشخانەکە دەکرێتەوە، لە ئێستادا تەنها هەندێک کاروباری هونەری ماوە و لە مانگی شەشدا بە تەواوی دەکەوێتە خزمەت خەڵک.”

قایمقام ئاماژەی بەوەش کرد، بە کردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە، چیتر هاوڵاتیانی خورماتوو پێویستیان بە شارەکانی دیکە نابێت و سەرجەم چارەسەرەکان لە ناو قەزاکەدا بۆ نەخۆش دابین دەکرێت.

لای خۆیەوە، یاسین محەمەد، ئەندامی لیژنەی تەندروستی سەڵاحەدین بە 964ـى راگەیاند، سەرجەم ئامێرە پزیشکییەکان و ستافی پزیشکی بەشە جیاوازەکان ئامادەن و تەنها چاوەڕێی تەواوبوونی کارە بیناسازییەکانن کە بڕیارە تا مانگی شەش سەرجەمیان کۆتاییان بێت.

بەردی بناغەی ئەم نەخۆشخانەیە لە کۆتایی ساڵی 2012دا دانرا و بڕیاربوو لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو بکرێت، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە کارکردن تێیدا پەکیکەوت. ماوەی دوو ساڵە کارکردن تێیدا بە شێوەیەکی فراوان دەستی پێکردووەتەوە و ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح