دانیشتووانی گۆیژە سیتی دوو و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری کێشەیان هەیە

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

دانیشتووانی گۆیژە سیتی دوو لە سلێمانی کێشەیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری و کارەبای پڕۆژەکە هەیە و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هاتوونەتە ناو کێشەکەوە.

بەهۆی بوونی کێشەی کارەبا و خزمەتگوزارییەکان بەتایبەت لە ئاسانسێری ناو باڵەخانەکان و فڕێدانی زبڵ و خاشاک و دابینکردنی سەوزایی، دانیشتووانی پڕۆژەکە ئامادەنین 50 هەزار دینار کرێی خزمەتگوزاری بدەن.

بەشی خزمەتگوزاری پڕۆژەکە دەڵێن، ئەوان تەنیا ئەو کارانە دەکەن کە لە گرێبەستەکەدا بۆیان دیاری کراوە.

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، هاتووەتە ناو کێشەکە و هەفتەی داهاتوو کۆبونەوە بە دانیشتووانی پڕۆژەکە و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری دەکات.

رەمەزان نامیق کەریم، سەرۆکی لیژنەی پلان و پڕۆژەکان بە 964ی راگەیاند، ئێمە چووینە ناو پڕۆژەکە و بینیمان هەموو ئەو کێشانەیان هەیە،بەڵام لێکتێنەگەیشتنیش هەیە، چونکە کۆمپانیاکان دەڵێن هەندێک کێشە دەبێت دانیشتووانەکەی پارە کۆبکەنەوە و چاکیان بکەن.

رەمەزان نامیق، باس لەوەش دەکات بڕیاریانداوە کۆبوونەوە بکەن لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە بەشداری لیژنەکانی قایمقامیەت و وەبەرهێنانی سلێمانی و هەردوو کۆمپانیاکە و دانیشتووانی گۆیژە دوو، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و وەرگرتنی قسەی هەردوولا،لەکۆتایدا کۆنووسێکی چارەسەر دەنووسین و هەردوولا پێویستە پێوەی پابەند بن.

964 پەیوەندی بە نوێنەری دانیشتووانی پڕۆژەکەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوو لێدوان بدات، چونکە چاوەڕێی ئەنجامەکانی لیژنەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکەن.

بەرپرسی بەشی خزمەتگوزاریی کارەبای پڕۆژەکە دەڵێت: هیچ کێشەیەکیان نییە و کارەبای کەمیان نەداوە بە دانیشتووانەکەی.

کاوە ئەحمەد، بەرپرسی خزمەتگوزاری کارەبای پڕۆژەکە بۆ 964 ئەوە رەتدەکاتەوە کە دانیشتووانی سیتیەکە کێشەی کارەبای مۆلیدەیان هەبوو بێت.
وتیشی “تا ئێستا هیچ کاتێک سیتیەکە کێشەی کارەبایان نەبووە و هیچ کاتێکیش پارەی زیادیان لێ وەرنەگیراوە، بەڵکو چەند کەسێک ناویان لە خۆیان ناوە ئەنجومەن و دەیانەوێت بە زۆر ئەو مۆلیدانە لە ئێمە وەربگرنەوە”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق