مامۆستایەکی شاری کەرکوک
خەریکبوو لەسەر ئاڵای کوردستان بگیرێ؛ ئەمڕۆ 465 ئاڵای لە قوتابخانەکەی بەرزکردەوە
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ئەو مامۆستایەی لەسەر ئاڵای کوردستان بڕیاری دەستگیرکردنی بۆدەرچوو، ئەمڕۆ 465 ئاڵای کوردستانی لە قوتابخانەکەی بەرزکردەوە.
مامۆستا تەها مەجید بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی عەلی مەردان لە کەرکوک قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەری 2017 رەوشێکی ناخۆش لە کەرکوک هاتەپێش و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان قەدەغە کرا، بەڵام ئێمە وەک یەکەم قوتابخانە یان یەکەم فەرمانگەی حکومی سەر بە هەرێمی کوردستان ئاڵای کوردستانمان لە رۆژی دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن بەرزکردەوە، بۆیە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە بڕیاری دەستگیرکردنم بۆدەرچوو”.
“پێش ئەوەی بگیرێم کەرکوکم جێهێشت و چوومە شاری هەولێر، دواتر بە ئاسانکاری حکومەت و وەزارەتی پەروەردەی کوردستان گەڕامەوە شارەکەی خۆمان”، مامۆستا تەها وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان رۆژ ئاڵایان بەرزراگرتووە، 465 ئاڵای داوەتە دەست قوتابییەکانیان و لەگەڵ ئاڵایەکی گەورە بەرزیان کردووەتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆرش قادری