تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە
زانای غه‌واس به دوای ته‌رمی گه‌نجه‌كه‌ی كه‌ركوكدا ده‌گه‌ڕێت
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ئەو گەنجەی دوێنی لە گوندی تەرجلی سەر بە ناحیەی لەیلانی كه‌ركوك به‌خۆی و ماتۆڕە سێ تایەکەیەوە ئاو بردی، تا ئێستا نەدۆزراوەتەوه و به ئه‌گه‌ری زۆریش خنكاوه، ئه‌مڕۆ زانای غه‌واس هاتووه‌ته شوێنی كه‌وتنه ئاوه‌كه‌ی و به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت.
له دوێنوه بەردەوام تیمەکانی رزگاركردن سەرقاڵی گەڕانن بە دوای ئه‌و گه‌نجه‌ی كه‌وته ئاوه‌وه و نه‌یاندۆزیوه‌ته‌وه، ئەمڕۆ هەینی زانا غەواس مەلەزانی تەقتەق گەیشتە ناحیەی لەیلان و دەستی کردووە بە گەڕان، به‌ڵام تا ئەم ساتە نەدۆزراوەتەوە.
زانا غەواس بە964ـی وت، ئه‌و شوێنه‌ی تێیدا ده‌گه‌ڕێن 13 کیلۆمەتر لەو شوێنەی گه‌نجه‌كه‌ی لێ خنكاوه دووره، سەدلەسەد نەگەیشتووە بەم شوێنەی ئێستا، بەڵام ناو ئەو کەندە ئاسن و شیش و شاخی زۆری تێدایه و هەرکەس خانووی رووخاندووه، پاشماوەکەی فرێداوەتە ناو ئاوه‌كه‌وه، چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کەمێک ئاوەکە کەم بکات و ئه‌و كات دۆزینه‌وه‌ی ئاسان ده‌بێت.
ئەو گەنجەی كه‌وتووه‌ته‌وه ئاوه‌وه و تا ئێستا سۆراغی نییه، لەدایکبووی ساڵانی 2000ـەکانە، خێزاندارە و باوکی منداڵێکە، بەپێى ئەو زانیارییانەى بەرگریى شارستانى کەرکوک بە 964یان داوە، گەنجەکە وەک کارمەندی پاسەوانی (سیکۆرتی) لە یەکێک لە کارگەکانی ناحیەی لەیلان کار دەکات، کاتێک لە دەوام گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە، لە رووباری نێوان ناحیەکە و گوندەکەیان، بە ماتۆڕەکەیەوە ئاو بردوویەتی.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا