عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران - وێنە: ئیرنا
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران
ئەمریکا ناشەرعیانە هێرشی کردووەتە سەر قوتابخانە و نەخۆشخانە وێستگەی ئاو
توانا نەقی
هەرچەندە ئەمریکا هەر باسی بەرەوپێشچوونی رێککەوتن دەکات لەگەڵ ئێران و ترەمپیش دوێنێ شەو 10 رۆژی دیکەی وادەی هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی وزە و کارەبای وڵاتەکەی دواخست کەچی ئێران هەر وەڵام دەداتەوە و دەڵێت ئەمریکا هەموو یاسا نێوەدەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وتارێکی ڤیدۆییدا بڵاویکردەوە. یاسا نێودەوڵەتییەکان لەلایەن هێرشبەرانەوە بە شێوەیەکی بێ وێنە پێشێل کراوە، ئەمریکا ناشەرعیانە هێرشی کردووەتە سەر قوتابخانە و نەخۆشخانە و فریاگوزاری و وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی وڵاتەکەمان، هەموو ئەمانە شەڕێکی ناڕەوایە، ناکرێ لە کارەسات و بە ئامانجگرتنی قوتابخانەی میناب ئەمریکا بێبەخش بکرێت.
دەشڵێت، ئەمریکا بە حساب رێگای دیبلۆماسی گرتبووەبەر، کەچی مێزی دانوستانەکانی هەڵوەشاندەوە، بەڵام ئێران هەرگیز بەدوای شەڕدا نەبووە و تا پێویست بێت بەرگریمان لە وڵاتەکەمان بەردەوام دەبێت.
عێراقچی دەڵێت، زیاتر لە 600 قوتابخانە خاپوور کراوە و زیاتر لە هەزار قوتابی و مامۆستا کوژراو و بریندار بوو، بۆیە ئێستاش بە لەناو بردنی ژێرخانی مرۆیی و وزە و ئابووری ئێران هەڕەشە دەکەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران قسەی زۆری کرد و لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکرد، ئێران هەرگیز لەگەڵ هەڵگیرساندنی شەڕ نەبووە ئێرانییەکان خەڵکی ئاشتی بوون و ئەمەش وەل یەکێک لە دەوڵەمەنترین سەرمایەکان لە جیهان تەماشا دەکرێت، ئێرانییەکان ئەوەیان پێشاندان کە بەرگریکردن تا هەر کاتێک پێویست بکات بەردەوام دەبێت.