لە دهۆک

بەهۆی تەزووی کارەباوە کرێکارێک گیانی لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندار بوون


سیداد حەبیب- دهۆک

ئێوارەی ئەمڕۆ لە رووداوێکی دڵتەزێندا لە گەڕەکی “زرکا”ـی شارى دهۆک، بەهۆی بەرکەوتنی تەزووی کارەباوە کرێکارێک گیانی لەدەستدا و دوو کرێکاری دیکەش بریندار بوون، کە یەکێکیان باری تەندروستی ناجێگیرە.

کەیفی بامەڕنی، سەرۆکی سەندیکای بیناسازی لە دهۆک بە 964ـی راگەیاند: “رووداوەکە کاتژمێر 5:50 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ ڕوویداوە. ئەو کرێکارەی گیانی لەدەستداوە ناوی (دڵدار عەبدولخالق)ـە و تەمەنی 22 ساڵ بووە.”

باسى لەوەشکرد، دوو لە کرێکارەکان بران، یەکێکیان دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و براکەى تری لەگەڵ کرێکارێکی دیکەدا بریندار بوون.

بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک کراون، بەڵام بە وتەی سەرۆکی سەندیکاکە، رەوشی تەندروستی یەکێک لە بریندارەکان جێگیر نییە.

ئاشکراشى کرد، ئەمساڵ تا ئێستا بەهۆی رووداوەکانی کارەوە دوو کرێکار گیانیان لەدەستداوە و سێ کرێکاری دیکەش بریندار بوون.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح