لە بێجی
بارەگایەکی حەشدی شەعبی دووجار بۆردومان کرا و 7 چەکدار بریندار بوون
964+
سیروان خورشید- خورماتوو
درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، بارەگای لیوای 31ـی حەشدی شەعبی لە ناوچەی سینیەی قەزای بێجی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، کەوتە بەر هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان و بەو هۆیەوە بارەگاکە بەتەواوی خاپوور بوو.
عەلی حسێنی، وتەبێژی میحوەری باکووری خورماتووی حەشدی شەعبی بە 964ـی راگەیاند: “بارەگاکە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردومان کراوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە کاتی هەوڵدان بۆ گواستنەوەی بریندارەکان، جارێکی دیکە هەمان شوێن بۆردومان کراوەتەوە.”
وتەبێژەکەی حەشد ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەنجامی هەردوو بۆردومانەکەدا 7 چەکداریان بریندار بوون کە لە ئەرکی فەرمیدا بوون، لە ئێستاشدا گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی بێجی بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
سەبارەت بە لایەنی هێرشبەر، عەلی حسێنی فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی هێرشەکە، کە جگە لە برینداربوونی چەکدارەکان، زیانێکی زۆری ماددی بە بارەگاکە و دەوروبەری گەیاندووە.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح