قالیباف بۆ ترەمپ:

“هیوا و ئاواتەکانتان بە هەواڵ دادەنێن”

شۆڕش قادری

محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رەتیدەکاتەوە گفتوگۆی لەگەڵ ترەمپ و بەرپرسانی ئەمریکا کردبێت و دەڵێت، “هیوا و ئاواتەکانیان بە هەواڵ دادەنێن”.

قالیباف لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، “دوژمنانی ئێران هیوا و ئاواتەکانیان بە هەواڵ دادەنێن و لە هەمان کاتدا هەڕەشە لە گەلی ئێمە دەکەن، هەڵە دەکەن، گورزێک بوەشێنن، چەند دانەیەکیان لێدەدرێت”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گەلی ئێران بە رێبەرایەتی رابەری باڵای وڵاتەکە دوژمن پەشیمان دەکەنەوە و بە مافەکانی خۆیان دەگەن.

ئەم قسانەی قالیباف دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ دووشەممە 30.3.2026 میدیاکانی ئەمریکا لەزاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە گفتوگۆدان و خەریکی دانوستاندنن.