پڕۆژەیەکی ئاوی هەولێر - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
ئاگاداری بۆ دانیشتووانی هەولێر
ئاو ڵێڵ بوو بە کاتی پێدانی ئاوی ماڵان رادەگیرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
ئاوی هەولێر دەڵێت، دانیشتووانی پایتەخت ئاگاداربن ئەگەر هەیە بە شێوەی كاتی ئاوی ماڵان ببڕێت، ئەوەش بەهۆی شەپۆلە بارانبارینە بەلێزمەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان.
ئەگەر تووشی حاڵەتی بڕینی ئاوی ماڵان بوون، ئەوە بزانن ئاو ڵێڵ بووە و چارەسەر دەکرێ.
لە ئاگادارییەكی بەڕێوەبەرایەتییەكەدا کە 964 بینوویەتی دەڵێ، ئاگاداری هاوڵاتیانی شاری هەولێر دەکەینەوە کە لەسەر داواکاری و پێشنیاری پێشووتری ئێوە، بۆ ئەوەی پێشوەختە ئاگاداری هەر ئەگەرێکی بڕانی ئاو و وەستانی وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو بن و ئامادەکاری بکەن، رایدەگەیەنین كە:-
سەرەڕای ئەوەی ئێستا وێستگەکانی بەرهەمهێنانی ئاو بە تەواوی توانایانەوە کار دەکەن، بەڵام بەهۆی بارانبارینی زۆر و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی داهاتوو رادەی لێڵی (Turbidity) ئاوی رووبار بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات، ئەگەر رادەی لێڵییەکە گەیشتە سەرووی توانای وێستگەکانی پاڵاوتن، ئەوا ناچار دەبین بۆ پاراستنی کوالێتی ئەو ئاوەی دابین دەکرێت بۆ هاوڵاتیان وێستگەکان بە شێوەیەکی کاتی رابگرین.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر داواشی لە هاوڵاتیان كردووە، هاوکاریان بن و لە ئێستاوە دەست بە بەکارهێنانی ئاوەوە بگرن و زیادەڕۆیی لە سەرفکردنیدا نەکەن، بۆ ئەوەی لە کاتی راوەستانی وێستگەکاندا تووشی گرفتی کەمئاوی نەبن.