داوا دەکرێت بانکەکانی هەرێم قەرز بدەن بە هاوڵاتییان

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بانکی بازرگانیی هەرێم داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هاوکاری بانکەکانی هەرێمی کوردستان بکات، بۆ ئەوەی بتوانن قەرزی بچووک و مامناوەند بدەن بە هاوڵاتیان و قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی بێت.

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم رۆژی یەکشەممە لە فەیسبووکی خۆیان رایگەیاند، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەر و نوێنەری بانکە ئەهلییەکانی شارەکە کۆبووەوە و بە یاداشتێک حکومەتی عێراقی لە کێشە و گرفتەکانیان ئاگادار کردەوە، یەکێک لە کێشەکانیش سنوورداریی خزمەتگوزاری پێدانی قەرزە بە هاوڵاتیان.

بانکەکان بە باشی بەشداری ناکەن لە پێشخستنی کەرتی ئابووری هەرێم

وەزارەتی دارایی دەڵێت، مامەڵەی پەنجەرەکانی گۆڕینەوەی دۆلار لە فرۆکەخانەکانی هەرێم بە سستی بەڕێوەدەچێت و بانکەکان بە باشی بەشداری ناکەن لە پێشخستنی کەرتی ئابووری هەرێم.

“هەوڵەکان بۆ وەرگرتنی قیستی یەکەکانی  پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بە دۆلار بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بوو،” وەزارەتی دارایی وا دەڵێت.

خولێک لە بارەی زیادبوونی پارەی ساختە و دڕاو دەکرێتەوە

بڕیاریش دراوە خولی تایبەت بە مەترسییەکانی زیادبوونی پارەی ساختە و دڕاو بۆ بانکە ئەهلییەکان بکرێتەوە و هەماهەنگی لەنێوان بانکە ئەهلییەکان زیاتر بکرێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەد گفتوگۆکراوە لە بارەی جێبەجێکردنی حەواڵەی بانکەکان لە رێگەی سیستمی RTGS و ACH کە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی جێبەجێ دەکرێت.