پۆستەری فیلمی دەریای ئومێد
باشترین موزیک
کورتە فیلمێکی کوردی لە ئیتالیا خەڵاتی بردەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
کورتەفیلمی کوردی “دەریای ئومێد”، کە لە دەرهێنانی جبرائیل ئەبوبەکرە، لە فێستیڤاڵی فیلمی گریفۆ فیلم لە ئیتالیا خەڵاتی باشترین موزیکی بەدەستهێنا.
جوبرائیل ئەبوبەکر بە 964ی راگەیاند، فیلمەکەی تا ئێستا بەشداریی 22 فێستیڤاڵی کردووە و پێنج خەڵاتیشی بردووەتەوە.
وتیشی، ئەمجارە لە ئیتالیا فیلمەکە خەڵاتی باشترین موزیکی بردەوە لە فێستیڤاڵی فیلمی گریفۆ.
لە بارەی فیلمەکەوە، جوبرائیل ئەبوبەکر وتی، “بە دەگمەن روویداوە فیلمێکی کوردی خەڵاتی باشترین موزیک بباتەوە، موزیکی فیلمەکە لە لایەن ئومێد رۆژ دانراوە.
وتيشي، فیلمەکە پەردە لەسەر زیانە وێرانکەرەکانی شەڕ لە چاوی ئەو مەدەنییانە لادەبات، کە لە دوای جەنگەوە گیریان خواردووە، هەروەها گرنگی بە شوێنەواری سۆزداری و جەستەیی ئاوارەبوونی زۆرەملێ دەکات”.
وتیشی، لە فێستیڤاڵەکەی ئیتالیا، کە ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام بوو، چوار هەزار و 600 کورتەفیلم لە 97 وڵاتەوە پێشکەش کرابوون و 120 فیلم وەرگیران بۆ پێشبڕکێ، فیلمی دەریای ئومێد یەکێک لە سێ باشترین فیلمەکان بوو، کاندید بوو بۆ باشترین فیلم، بەڵام توانی خەڵاتی باشترین موزیک بباتەوە.
جوبرائیل ئەبوبەکر دەرهێنەرێکی گەنجی هەرێمی کوردستانە و تا ئێستا براوەی چەند خەڵاتێکی دیکەشە لە بواری فیلمسازیدا.