دەڤەرى پشدەر
شەپۆلى بارانەکە بەهێزتر دەبێت: لە هەندێ شوێن ئاستى ئاو بەرز دەبیتەوە
964+
وریا فەتاح
شەپۆلی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و کەشناسی دەڵێت، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە شەپۆلەکە بەهێزتر دەبێت، بە جۆرێک لە هەندێک ناوچە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە و درەنگانی ئەمشەویش چەقی بارانەکە دەچێتە سلێمانی و گەرمیان.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێم بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو، ئەمڕۆ یەکشەممە 15.3.2026، تاوەکو دوای نیوەڕۆ تەنیا نمەبارانێکی کەم دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی ئێوارەدا کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست زیاد دەکات.
بەهۆیەوە لێزمەباران و هەورە تریشقە لە ناوچە شاخاوییەکان، زاخۆ، سۆران و چەند ناوچەیەکی هەولێر و دهۆک (بە دیاریکراوی لە ئاکرێ، بجیل، دینارتە، بەردەڕەش، شەقڵاوە، کۆڕێ، پیرمام و بەشێک لە بارزان) دەستپێدەکات و مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لەو ناوچانە هەیە.
بۆ درەنگانی ئەمشەو و بەرەبەیانی سبەینێ دووشەممە، قورسایی و چڕیی شەپۆلەکە روودەکاتە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی راپەڕین و بەشێک لە گەرمیان. هاوکات لە هەولێر و دهۆکیش بارانی مامناوەند و نمەباران بەردەوام دەبێت. لە دوای نیوەڕۆی سبەینێشەوە کاریگەریی شەپۆلەکە لاواز دەبێت و تەنیا نمەبارانی پچڕپچڕ دەمێنێتەوە.
کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتی شەپۆلەکەدا بەفر لەسەر لووتکەی شاخە بەرزە سنوورییەکان دەبارێت و ئەگەری تەزرە بارینیش لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە.
پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەینێ دووشەممە بەم شێوەیە دەبن (کەمێک بەرز دەبنەوە):
هەولێر: 14 پلە
سلێمانی: 12 پلە
دهۆک: 14 پلە
هەڵەبجە: 13 پلە
گەرمیان: 15 پلە
زاخۆ: 14 پلە
سۆران: 10 پلە
چەمچەماڵ: 13 پلە
پیرمام: 10 پلە
حاجی ئۆمەران: 6 پلە (ساردترین ناوچە)