"ئەمشەو لە پزیشکی دادی هەولێر دەمێنێتەوە"

سبەی تەرمی ساڵح موسلیم بۆ رۆژئاوای کوردستان بەڕێدەکرێت

964+

فەرهاد حەسەن

نوێنەری PYD لە هەولێر بۆ 964 ئاشکرای کرد سبەی پێنجشەممە تەرمی ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پێشووی حزبەکەیان لە هەولێرەوە دەگەڕێندرێتەوە رۆژئاوای کوردستان.

ئەبو مەزڵوم، نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD لە هەولێر بە 964ی وت ئەمشەو تەرمەکەی لە ساردخانەی پزیشکی دادی هەولێر دەمێنێتەوە و سبەییش بۆ رۆژئاوای کوردستان دەگەڕێندرێتەوە.

وتیشی “لە رۆژئاوای کوردستان تەرمەکەی لە شاری کۆبانێ دەنێژرێت”.

ساڵح محەمەد موسلیم، لەدایکبووی ساڵی 1951، یەکێک لە دیارترین سەرکردەکانی رۆژئاوای کوردستان و لە ئەیلوولی ساڵی 2010 لە کۆنگرەی چوارەمی PYD کرایە سەرۆکی حزب. خاوەنی پێنج منداڵیشە.

لە کۆبانێ خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووەو دواتر لە بەر چەند ھۆکار، لە شاری دیمەشق و لە ئامادەیی الکواکبی لە حەلەب خوێندنی دواناوەندی ساڵی 1969 لە بەشی زانستی بە کۆتاھێناوە، بۆ خوێندنی زانکۆ دەچێتە ئەستەنبۆل لە زانکۆی تەکنیکی/ کۆلیژی ئەندازیاری کیمیا دەخوێنێ و ساڵی 1977 تەواوی دەکات و لەوێوە بەرەو لەندەن بەڕێدەکەوێت بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی.

خاوەنی پێنج منداڵەو لە شەڕی ئازادکردنی رۆژاوا، شەرڤانی کوڕی لە ساڵی 2013 گیانی لەدەستدا.