دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
سەرۆکی ئەمریکا:
شەڕی ئێران تاڕادەیەکی زۆر کۆتایی هاتووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، شەڕ لەگەڵ ئێران “تاڕادەیەکی زۆر کۆتایی هاتووە”، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە بیر لە جێگرەوەی موجتەبا خامنەیی دەکاتەوە.
ترەمپ بە سی بی ئێس نیوزی راگەیاند، پێم وایە شەڕ لەگەڵ ئێران تاڕادەیەکی زۆر کۆتایی هاتووە و زۆر لە پێش ئەو کاتە دیاریکراوەی شەڕ بووین، کە چوار بۆ پێنج هەفتەی بۆ دانرابوو.
وتیشی: ئێران هێزی دەریایی نەماوە و پەیوەندی و هێزی ئاسمانییشیان نەماوە، باشترە ئێرانییەکان هیچ کارێکی ئیستفزازی نەکەن، ئەگەرنا کۆتایی ئەو وڵاتە دەبێت.
“ئێرانییەکان تەقەیان لە هەموو ئامانجەکان کردووە و ئێستا کەشتییەکان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، منیش بیر لەوە دەکەمەوە کۆنتڕۆڵی بکەم”.
هەروەها کەناڵی سی بی ئێس بڵاوی کردەوە کە ترامپ وتی “بیر لە کەسێک دەکاتەوە کە جێگەی موجتەبا خامنەیی بگرێتەوە وەک رێبەری مەزنی ئێران”.
ترەمپ لە لێدوانێکی دیکەی ئەمڕۆید، رەخنەی لە دانانی موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری مەزنی ئێران گرت و وتی: هیچ چانسێکی راستەقینەی بۆ مانەوە نییە.
شەوی ڕابردوو ئێران هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری مەزنی ئێران راگەیاند.
عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاند کە “رێبەری مەزنی نوێ لە هەلومەرجە هەستیارەکانی ئێستادا توانای رابەرایەتیکردنی وڵاتی هەیە”.