ئه‌مڕۆ بارسێلۆنا ئه‌ركی ئاسان نییه‌ و ریال مه‌دریدیش چاودێریی ده‌كات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

له‌ خولی ئیسپانیا ئه‌مڕۆ چه‌ند یارییه‌ك دێنه‌ ئه‌نجامدان، بارسێلۆنای پێشه‌نگی خوله‌كه‌ش له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ ئاتلێتیك بیلباو یاریی ده‌كات.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ یارییه‌كانی گه‌ڕی 25ی خولی ئیسپانیا درێژه‌ی ده‌بێت، دوای ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستپێكی گه‌ڕه‌كه‌دا یانه‌كانی ریال مه‌درید و ڤالێنسیا و سێلتاڤیگۆ بردنه‌وه‌یان تۆمار كرد.
به‌هێزترین یاریی ئه‌مڕۆ له‌ هه‌رێمی باسك ده‌كرێت، كاتێك بارسێلۆنای پێشه‌نگی خوله‌كه‌ ده‌بێته‌ میوانی ئاتلێتیك بیلباو.

بارسا به‌ 62 خاڵ له‌ پله‌ی یه‌كه‌مه‌ و ریال مه‌درید له‌ پله‌ی دووه‌مه‌ به‌ 56 خاڵ، له‌ به‌رامبه‌ردا ئاتلێتیك بیلباو له‌ پله‌ی نۆیه‌مه‌ به‌ 33 خاڵ.

ریال مه‌درید، كه‌ دوێنێ بردنه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئیسپانیۆڵ تۆمار كرد، ئێستا 6 خاڵ له‌ بارساوه‌ دووره‌ و هیوای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌مشه‌و بیلباو كاروانی سه‌ركه‌وتنه‌كانی بارسا له‌ لالیگا رابگرێت.

بیلباو له‌ یاریگه‌ی خۆیدا تیپێكی زه‌حمه‌ته‌ و به‌ ئاسانی نادۆڕێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مڕۆ لێڤاندۆڤسكیی هێرشبه‌ری بارسا و گۆڵكاری خوله‌كه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ پێكهاته‌ی یانه‌كه‌ی و له‌ پێكانه‌كه‌ی چاكبووه‌ته‌وه‌.

خشته‌ی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ:
ریال مایۆركا – ریال سۆسیداد 16:00
سێڤییا – ئه‌لیمریا  18:15
ڤیاڕیال – ریال بێتیس  20:30
ئاتلێتیك بیلباو – بارسێلۆنا  23:00.