رواندز
گرمەیەک گەڕەکی “گەروێ رەزان”ـی هەژاند؛ غاز تەقییەوە و دایک و کوڕێک بریندار بوون
964+
ئاکام غەفور- سۆران
کەمێک لەمەوبەر، بەهۆی پەنگخواردنەوە و تەقینی غاز لە ماڵێکدا لە قەزای رواندز، دایکێک و منداڵەکەی بریندار بوون و زیان بە خانووەکەشیان گەیشت.
رووداوەکە لە گەڕەکی “گەروێ رەزان” بووە، دراوسێیەکی ئەو ماڵە ڤیدیۆی شوێنی رووداوەکەی بۆ 964 ناردووە و دەڵێت: “سەرەتا گرمەیەک هات، کە چووینە دەرەوە دووکەڵێکی کەم لەو ماڵە بەرز دەبووەوە، بەڵام خۆشبەختانە ئاگرەکە تەشەنەی نەکرد.”
تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە پەیامنێری 964ـیان راگەیاند، بەهۆی پەنگخواردنەوەی غازەکەوە پەستان دروست بووە و بەشی زۆری جام و پەنجەرەی ماڵەکە شکاون و زیان بە خودی خانووەکەش گەیشتووە.
بەپێی زانیارییەکان، دایکێک و کوڕێکی تەمەن شەش ساڵان بریندار بوون، دایکەکە بەهۆی ئاگرەکەوە جەستەی سووتاوە و منداڵەکەش بەهۆی شوشەی شکاوەوە بریندار بووە، هەردووکیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح