بەغدا 850 دەرچووی بەشی پزیشکیی ناوچە جێناکۆکەکان دادەمەزرێنێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بەغدا دەرچووانی بەشی پزیشکی و تەندروستی لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ناوچە جێناکۆکەکان دادەمەزرێنێت و ناوی بەشێکیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی گەڕاوەتەوە و موچەکانیان لەسەر میلاکی حکومەتی عێراق دەبێت.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاند، داوای دامەزراندنی هەزار و 683 دەرچووی بەشی پزیشکی و تەندروستی ناوچە جێناکۆکەکان رەوانەی وەزارەتی تەندروستی کراوە.
ناوی 850 دەرچوو بەشێوەی ئەلیکترۆنی گەڕاوەتەوە و لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراق بڕیار لەسەر دامەزراندنیان دەدرێت.
ئەنجومەنی راژەی فیدراڵی داوای بەپەلەی ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی عێراق کردووە
“ئەنجومەنی راژەی فیدراڵی داواکەی بەھەند وەرگرتووە کە سەرجەمی ئەو دەرچووە دانەمەزراوانە مافی خۆیانە دابمەزرێن و داوای بە پەلەی ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی عێراق کردووە،” سۆران عومەر وا دەڵێت.
لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی 2022، وەزارەتی تەندروستیی عێراق فۆرمی ئەلیکترۆنیی دامەزراندنی بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگە پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستان کوردستان راگەیاند کە لە ناوچە جێناکۆکەکان خوێندنیان تەواو کردووە.