"کورد هەرگیز دەرس وەرناگرێت"
وا دیارە مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە
*هیوا مەحمود عوسمان
“ئەمریکا هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پڕچەک دەکات بۆ فشارخستنە سەر تاران”. بۆ زۆربەی کورد ئەمە دیمەنێکی نامۆ نییە، چونکە پێشتریش روویداوە و وەک دەڵێن ئەم فیلمە کۆنە.
لە ساڵانی 1975، 1988، 1991 و لای خۆمان لە هەرێمی کوردستان و هەروەها دواتریش لە رۆژئاوای کوردستان، هێزە کوردییەکان هەمیشە چوونەتە ناو هاوپەیمانی نایەکسانەوە لەگەڵ زلهێزەکان، هەرجارێک کە بەرژەوەندییەکان گۆڕانیان بەسەردا هات، ئەوە کورد بوو کە قورسترین باجی دا و زۆرجار بوونە قوبانی دەستی دەوڵەتانی ناوچەکە.
بەدرێژایی مێژوو، کاتێک هێزە جیهانییەکان باس لە دەرفەت دەکەن، گەلە چەوساوەکان چاویان دەچێتە سەر دەرفەتەکە، بەڵام لێرەدا گرنگە بزووتنەوەی کورد بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ لەم ساتەوەختەی ئێستا بکات.
مێژوو چەندینجار ئەوەی سەلماندووە کە بزووتنەوەکانی کورد کاتێک زۆرترین زیانیان پێدەگات، کە دەچنە ناو رووبەڕووبوونەوەی هێز لە نێوان دەوڵەتەکاندا بەبێ هەبوونی چوارچێوەیەکی سیاسی روون یان گەرەنتییەک بۆ پاراستنی پێگە و داهاتوویان، هەر کاتێکیش هاوکێشەکە دەگۆڕێت، کورد بە تەنیا دەمێنێتەوە و باجەکەی داوە و رووبەرووی تێکشکانی گەورە بووە.
ئەوەی تا ئێستا لە واشنتۆنەوە دەیبیستین ناروونە و قسەکان دژ بەیەکن.
لە کاتێکدا هەندێک راپۆرت باس لە گفتوگۆیەک دەکەن دەربارەی پشتگیریکردنی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی رژێمی ئێران سەرقاڵ بکەن، هەمانکات ترەمپ بەروونی دەڵێت کە گۆڕینی رژێم لە ئێران ئامانجی ئەو نییە.
کاتێک ترەمپ لە کۆشکی سپی لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا دانیشتبوو، بە روونی وتی کە بڕیاری چارەنووسی ئێران دەبێت دواجار لەلایەن “خەڵکی ناوخۆی وڵاتەکە” بێت. لێدوانەکانی ئاماژە بوون بۆ ئەوەی کە واشنتۆن بزووتنەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە، لەوانەش کەسایەتییەکانی تاراوگە وەک کوڕی شا، وەک جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ دەوڵەتی ئێستای ئێران نابینێت.
ئەگەر ئەمەریکا ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە وەک جێگرەوەیەکی سیاسی بۆ رژێمی تاران نەبینێت، ئەوا هەر پشتگیرییەکی چەکداری بۆ هێزە کوردییەکان ئەگەری زۆرە تەنیا تاکتیک بێت نەک ستراتیژ؛ و تەنیا بۆ زیادکردنی فشاربێت لەسەر تاران، نەک بۆ دروستکردنی سیستمێکی سیاسی نوێ لە وڵاتەکە.
لەو سیناریۆیەدا، هێزە کوردییەکان مەترسی ئەوەیان لەسەرە ببنە “ئامراز” نەک “هاوپەیمان یان هاوبەش”.
هەروەها هیچ بەڵگەیەک نییە کە واشنتۆن سیاسەتێکی تایبەتی هەبێت سەبارەت بە کورد نە لە ئێران و نە لە ناوچەکانیتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
نەبوونی چوارچێوەیەکی سیاسی بۆ کورد، وایان لێدەکات وەکوو بەشێک لە ستراتیژی لایەنیتردا کار بکەن.
مێژوو چەندین هۆشداری تێدایە، کۆتاییهێنانی شۆڕشی کورد لە ساڵی 1975 دوای رێکەوتننامەی جەزائیر لە نێوان سەدام و شا، ئەوەی نیشان دا کە چۆن هاوپەیمانەکانی کورد بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە خێرایی نامێنن.
هێزە کوردییەکان چەندینجار ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە ئەو بڕیارانەی کار دەکەنە سەر چارەنووسی کورد، بە دەست خۆیان نییە، بەڵکو لە سازانی نێوان دەوڵەتەکاندا دەدرێن.
لەم دواییانەشدا، ئەزموونی کوردانی سوریا لە رۆژئاوا بیرخستنەوەیەکیتری تاڵە بۆ ئەم راستییە، بۆ چەندین ساڵ هێزە کوردییەکان بەهێزترین هاوبەشی ئەمەریکا بوون لە شەڕی دژی داعش، کەچی کاتێک سیاسەت و بەرژەوەندیی گۆڕا، لۆژیکی ستراتیژیی پشت ئەو هاوبەشییەش یەکشەوە گۆڕا، ئەوەی پێشتر وەک بەردی بناغەی سەقامگیری وەسف دەکرا، دواتر لەلایەن تۆم باراکەوە وەک هاوپەیمانییەک ناوزەند کرا کە ”ئیکسپایەر” بووە.
کەمجار هێزە گەورەکان خۆیان دەبەستنەوە بە هاوپەیمانی و پابەندبوونی درێژخایەن بەو گەلانەی کە دەوڵەتیان نییە، مەگەر ئەو کاتە نەبێت کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان سوودیان لێ دەبینن.
بەبێ رێککەوتنێکی لەو شێوەیە، هێزە کوردییەکان هەمیشە وەک ئامرازی کاتی دەمێننەوە، ئەمەریکا هیچ کات نەیویستووە سنوورە دروستکراوەکانی ئەم ناوچەیە لە پێناو کورد دەستکاری بکرێن، بۆیە زۆرجار دۆزی کورد لەسەر مێزی دانوستانەکان تەنیا کارتێکی یاری بووە و زۆر خێراش ئەم کارتە لە دەستیان فڕێ دەدەن.
بۆ کورد ئەمڕۆ، پرسیارە سەرەکییەکە نابێت ئەوە بێت ئایا فشار خستنە سەر تاران رەوایە یان نا؟
پرسیارە راستەکە ئەوەیە: ئایا بەشداریی کورد لە ستراتیژییەکی لەو شێوەیەدا ئاسایشی سیاسیی کورد بەهێزتر دەکات، یان تەنیا شارە کوردییەکان دەخاتە بەر رقی رژێمی ئێران؟
بینیمان چۆن ئێران ئامادەیە بۆ لێدانی بنکەکانی ئۆپۆزسیۆنی کورد لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان بە موشەک و درۆن، و هەر پەرەسەندنێکی سەربازی لەسەر سنوورەکان بکرێت، شارە کوردنشینەکان دەکاتە هێڵی رووبەڕووبوونەوە.
فشارخستنە سەر تاران رەنگە بەشێک بێت لە ستراتیژی واشنتۆن، بەڵام ”مانەوە و پاراستنی کورد” دەبێت ستراتیژی یەکەمی کورد خۆی بێت.
کورد زۆر جار لەم بازنەیەدا سوڕاوەتەوە.
قسەیەکی باوی ناو خەڵک و ناو سیاسییەکانیش هەیە دەڵێت “کورد هەرگیز دەرس وەرناگرێت.”
ئەم قسەیە لە خۆڕا نەهاتووە، بەڵکو ئەزموونێکی بە ئازارە و زۆرجار تاقیکراوەتەوە، بەو هیوایەی ئەوەی ئەمجارە جیاواز بێت.
سەرکردە کوردەکانی رۆژهەڵات پێش ئەوەی رێگەبدەن هەم خاک و هەم هێزو هەم سەرمایە سیاسییەکەیان ببرێتە ناو ململانێیەکی گەورە، دەبێت ئەو پرسیارە قورسانە لە خۆیان بکەن و پێگەی کورد لەم ململانێیە باش هەڵسەنگێنن.
*رۆژنامەوان و بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی 964