عەنکاوا

شوێنى نیشتەجێبوون بە ئامانجگیراوە؛ درۆنێک چووە ناو شووقەیەک

964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر

ئەو درۆنەی ئەمشەو بەر گەڕەکی 108ی عەنکاوە لە هەولێر کەوت، راستەوخۆ چووەتە ناو یەکێک لە شوقەکانی نیشتەجێبوونی “مەکڤین” و زیانی گەورەی بەو باڵەخانەیە گەیاندووە کە هاوڵاتییانی مەسیحی تێیدا نیشتەجێن.
شایەدحاڵەکان بە 964یان راگەیاند، درۆنێک راستەوخۆ چووەتە ناو یەکێک لە شوقەکان و لایەکی شوقەکەی بە تەواوی تێکشکاندووە، بەهۆیەوە ئاگر لە دوو شوقە کەوتووەتەوە.

هەر لە هەمان شەقام (108ی عەنکاوە)، پاشماوەی درۆنێکی تێکشکاو کەوتووەتە ناو دێرێک کە پیاوانی ئایینی کریستیانی تێدا دەمێننەوە.

بەهۆی هێزی تەقینەوەکەوە، زۆربەی باڵەخانە نزیکەکانی ئەو ناوچەیە پەنجەرە و گڵۆپ و دیوارەکانیان زیانیان بەرکەوتووە و شووشەی پەنجەرەکان شکاون.
تیمەکانی بەرگری شارستانی لە شوێنی ڕووداوەکەن و خەریکی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەن، تا ئێستا ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لەناو دانیشتووانی عەنکاوەدا هەیە بەهۆی نزیکیی هێرشەکان لە ماڵەکانیان.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح