دیمەنی هاوینەهەواری بێخاڵ _ وێنە: دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان
ئەمساڵ هەرێم بە گوڵ و شیرینی پێشوازی لە گەشتیاران دەکات
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
ئەو گەشتیارانەی ئەمساڵ سەردانی هەرێم دەکرێن بە پێشکەشکردنی گوڵ و شیرینی پێشوازییان لێ دەکرێت و لە بازگەکانیش ئاسانکارییان بۆ دەکرێت.
بەپێی پلانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بێت، ئەمساڵ لە هەموو ئەو بازگانەی گەشتیاریان لێ دێتە ناو هەرێمەوە لیژنەیەکیان ئامادە دەبێت و لە بازگەکان کارەکانیان بۆ ئاسان دەکرێت و زووتر لە ساڵان رێی هاتنە ناو هەرێمیان پێ دەدرێت.
دەستەکە دەیەوێت لەو رێگەیەوە زیاتر لەساڵی رابردوو گەشتیار بێتە هەرێمە، کە زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار بووە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند: هەماهەنگییەکی زۆر باش لەگەڵ ئاسایش و بازگەکان داندراوە و ئاسانکارییەکی باش بۆ گەشتیار دەکرێت.
زانیارییەکانی 964 دەریدەخەن، لەو شەش ملیۆن گەشتیارەی ساڵی رابردوو هاتوونەتە هەرێم ملیۆنێک و 80 هەزاریان گەشتیاری دەرەوەی عێراق بوون و ئەوەی تریش هاوڵاتیانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بوون.
“جگە لە ئاسانکاری بازگەکان، لە هۆتێل و رێستۆرانت و سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکان تیمەکانی دەستەی گەشتوگوزار هاوکاری تەواوی گەشتیاران دەبن”، ئیبراهیم عەبدولمەجید وای وت.