"بەم زووانە رادەگەیەندرێت"

کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی رێبەرێکی نوێ بۆ ئێران لە رێگەی ئۆنلاینەوە ئەنجام درا

964+

فەرهاد حەسەن

ئاژانسی هەواڵی فارس ئاشکرای کرد کۆبوونەوەی ئەنجومەنی راوێژکاری بۆ هەڵبژاردنی رێبەرێکی نوێ بۆ ئێران لەدوای کوژرانی خامنەئی، بەهۆی رەچاوکردنی لایەنی ئەمنی لە رێگەی ئۆنلاینەوە ئەنجام دراوە.

ئاژانسە ئێرانییەکە، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، قۆناغە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی رێبەری باڵای نوێ لە ئارادایە و رەنگە بەم زووانە ئەنجامەکەی رابگەیەندرێت.

چەند سەرچاوەیەک قسەیان بۆ ئاژانسەکە کردووە و دەڵێن “کۆبوونەوە و وتووێژەکانی ئەنجومەنی شارەزایان (مجلس الخبراء) بە بەردەوامی و لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەدەچن” و “ئەنجامی هەڵبژاردنی رێبەری نوێش رەنگە بەم زووانە رابگەیەندرێت.”

ئاژانسەکە روونیشیکردەوە کە “هیچ کۆبوونەوەیەک لەو بینایەدا ئەنجام نەدراوە کە لە شاری قوم کراوەتە ئامانج و ئەنجومەنی شارەزایان بەهۆی رەچاوکردنی لایەنی ئەمنی، کۆبوونەوەکانی بە شێوەی ئامادەنەبوونی ڕاستەوخۆ (online/ناحزوری) ئەنجام دەدات.”