عەبدولرەحمانی کوردەواری لە دیمانەیەکى 964 دا
بەردەوام بە نەخۆشەکانى دەڵێت”نەبرژایەوە” و دوژمنی وشەی “چک”ـە.
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
“بە چک وەڵامم مەدەرەوە”، ئەمە قسەیەکى بەردەوامى عەبدولرەحمانى کوردەوارییە، کە وەک یاسایەکى نەگۆڕ لە نۆرینگەکەیدا کارى پێدەکات، بەڵام بووە بە وێردى سەرزمانى خەڵک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکى لەگەڵ یەکترى بەکارى دەهێنن.
کاک عەبدولرەحمانى کوردەوارى لە دیمانەیەکى تایبەتى 964، باسى چیرۆکى “نەکزایە و نەبراژایەوە” دەکات و بە دیلانى پەیامنێرمان دەڵێت،”بەچک” وەڵام مەدەوە.
عەبدولرەحمانی کوردەواری، خاوەنی نۆرینگەی “باوەڕگەی کوردەواری”یە، لە قەزاى دوکان، ساڵانێکە خەریکی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی پێستە بە گیادەرمان، بەڵام ئەوەی ئەوی کردە جێی باس، دەرمانەکانی نەبوون، بەڵکو ئەو دیمەنە ڤیدیۆییانە بوون کە تێیدا بە شێوازێکی کۆمیدی مامەڵە لەگەڵ نەخۆشەکانی دەکات. بەتایبەت کە پێیان دەڵێت، “نەکزایەوە، نەبرژایەوە”، کاتێکیش نەخۆش بە “چک” وەڵام دەداوە، کاک عەبدولرەحمان توڕە دەبێت و دەڵێت،”بەچک جواب مەدەرەوە مامۆستاى زانکۆ”.
لە دیمانە نوێیەکەیدا لەگەڵ 964، کاک عەبدولرەحمان هێشتا هەر ئەو پیاوە قسە خۆشەیە و قسەکانی بۆن و بەرامی رەسەنایەتییان لێ دێت، قسەی نوێ دەکات و بەسەرهاتەکان دەگێڕێتەوە، بەڵام هێشتا ئازاری لەدەستدانی هاوسەرەکەی لەسەر رووخساری ماوە و خەمێک لە قوڵایی چاوەکانیدا دەخوێنرێتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح