"گومان دەکرێت ئۆتۆمبێل لێیدابێت"
لە ژێر پردێکی کەرکوک تەرمێک دۆزرایەوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە ژێر پردێکی شەقامی پشتێنەی کەرکوک و بەدیاریکراوی پێش دووسایدی پەنجا عەلی تەرمی گەنجێک دۆزرایەوە و گومان دەکرێت، ئۆتۆمبێل لێیدابێت.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە بەشی نەهێشتی تاوان لە بنکەی پۆلیسی ئازادی بە 964ـی وت، “ئەو کەسە گەنجێکی تەمەن نزیک 20 ساڵە، پێدەچێت لە کاتی پەڕینەوە لەسەر پردەکە ئۆتۆمبێل بەخێرایی لێیدابێت و کەوتبێتەخوار، چونکە تەرمەکە بەتەواوی شێواوە، شانێکی شکاوە، لایەک لە مێشکی تەقیوە و یەکێک لە چاوەکانی دەرچووە”.
بەپێی پشکنینی سەرەتایی گومان دەکرێت رووداوەکە شەوی رابردوو روویدابێت، هێشتا دۆسیەکە لای بەڵگەی تاوان ماوەتەوە بۆ هۆکاری رووداوەکە روون ببێتەوە”، ئەو سەرچاوەیە وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، دوای پشکنین و لێکۆڵینەوەکان تەرمی ئەو گەنجە رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک کراوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری