لە هەولێر.. دوو کەس لەسەر جۆرێکی دزی دەگمەن دەستگیرکران
964+
فەرمان سادق
لەسەر جۆرێکی دزی دەگمەن دوو کەس دەستگیر دەکرێن کە پێشتر لەسەر هەمان جۆری دزی لە وڵاتێکی دیکە دیپۆرت کراون.
پۆلیسی هەولێر، دوو تۆمەتبار دەستگیر دەکات و ئاماژە بەوە دەدات کە دزییەکی دەگمەنیان ئەنجامداوە.
مقەدەم هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە 964ـی وت، دوای 11 رۆژ لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دوو تۆمەتبار دەستگیرکران بە ناوەکانی (ع. غ. س) تەمەن 33 ساڵ و (ع. ع. س) تەمەن 23، هەردووکیشیان بە رەگەز عەرەبن و خەڵکی وڵاتی سووریان.
هۆگر عەزیز، ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەو دوو تۆمەتبارە هەڵساون بە شکاندنی دەرگای بارهەڵگرەکان بەتایبەت مێرسیدیس ئاکترۆز، دەڵێت: 12 تاوانی دزیکردنیان ئەنجامداوە لە گەڕەکەکانی سەربەستی، راستی، نیشتمان، رێگای قوشتەۆە، عەنکاوە، گوندی قەریەتاخ.
زیاتر وتی “ئەوان عەقڵ و حەساس و گێچی گێڕ و گێچی ناو داشبۆردیان دەدزی و پاشان کەرەستە دزراوەکانیان رەوانەی سووریا دەکرد بۆ فرۆشتنی کە نرخی هەر یەکێک لەو کەرەستانە دەگاتە 1500 بۆ 2000 دۆلاری ئەمەریکی”.
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، باس لەوەشدەکات کە زۆرینەی تاوانەکانیان دوای کاتژمێر 12ـی شەو ئەنجامداوە، ئێستاش تۆمەتباران بەپێی مادەی 443 پەراوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و دۆسیەکانیان رەوانەی دادگا کراون.
بە قسەی پۆلیس بێت، هەردوو تۆمەتبارەکە پێشینەی وەها تاوانێکیان لە وڵاتی کوەیت ئەنجامداوە و وەستای وایەرمەنن، هەر لەسەر ئەو تاوانەش لە کوەیت دەرکراون و رەوانەی سووریا کراونەتەوە، دواتر هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.