دیمەنی رانیە لە ئاسمانەوە - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
رانیە
لەسەر نرخی کارەبا 24 کاتژمێرییەکە سکاڵا تۆمار کرا
964+
ئەحمەد مستەفا
لەژێر گرانی نرخەکەی، ژمارەیەک هاوڵاتی لە رانیە کارەبای 24 کاتژمێری بەو گرانییە رەتدەکەنەوە و کارکردنی نایاسایی مۆلیدە ئەهلییەکان لە رانیە رەتدەکەنەوە.
هەر ئەمڕۆش، سکاڵای یاساییان لای داواکاری گشتیی تۆمارکرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 2.3.2026، سامان محەمەد، یەکێک لەو هاوڵاتیانە بۆ میدیاکان قسەی کرد و وتی، بەهۆی بەرزی نرخی کارەبای پڕۆژەی رووناکییەوە، سکاڵای یاساییمان تۆمارکردووە، چونکە بەڕاستی ئەم پڕۆژەیە بارگرانی بۆ هاوڵاتییان درووست کردووە.
بە قسەی ئەوان، کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان لە رانیە دوورە لە یاساوە، چونکە نرخەکان بەبێ ئەوەی ئیدارە و حکومەت دیارییان بکات، لە لایەن شوێنی ترەوە سەپێنراون.
باسیان لەوەکرد، تەواوی نیگەرانییەکانمان گەیاندووەتە ئیدارەی راپەڕین و ئێستا چاوەڕێی وەڵامی داواکاری گشتیین، بۆ ئەوەی کەیسەکە بجوڵێندرێت و ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر ئەو سەرپێچییانە بگیریتەبەر، کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ژیان و بژێوی خەڵکەوە هەیە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی وایە، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 پڕۆژەی ڕووناکی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو هەرێمی کوردستان دابین بکات، چوار ملیۆن و 500 هەزار کەس ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەن کە 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە.
پێشتر، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی گەیشتنی کارەبای 24 کاتژمێری بە سەنتەری شاری رانیە راگەیاند وتی، زیاتر لە 135,000 هاوڵاتی کارەبای بەردەوامی نیشتیمانیان بۆ دابین دەکرێت وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین.
هەروەها زیاتر لە 100 مۆلیدەی گازوایلی گەڕەکەکان دەکوژێندرێنەوە لەچوارچێوەی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری.