بۆچى بەیانى هێرشەکە ئەنجامدرا؟

سوپای ئیسرائیل وردەکاری نوێی هێرشەکەی سەر تاران ئاشکرا دەکات

وریا فەتاح

سوپای ئیسرائیل (IDF) وردەکاری نوێی لەبارەی ئەو هێرشە ئاسمانییە هاوکاتانە بڵاوکردەوە کە بەیانی ئەمڕۆ چەندین شوێنی لە تاران کردە ئامانج، کە تێیدا بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازیی ئێران ببوونە ئامانج.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە پلانی ئەم هێرشە بۆ ماوەی چەندین مانگ بووە ئامادەکاری بۆ کراوە، لە رێگەی هەوڵێکی گەورەی هەواڵگرییەوە بۆ دەستنیشانکردنی “هەلی ئۆپەراسیۆن” لەو ساتەی کە سەرکردە باڵاکانی ئێران کۆدەبنەوە.

خاڵە سەرەکییەکانی راپۆرتەکەی سوپای ئیسرائیل:

بڕیاردراوە هێرشەکە لە بەیانیدا بێت نەک شەو، سەرەڕای ئامادەباشی ئێران، ئەمەش بۆ دووەمجار وەک “سوپرایزی تاکتیکی” وەسف کراوە (هاوشێوەی جەنگی حوزەیرانی 2025).

ئەفسەرانی هەواڵگری هەزاران کاتژمێریان خەرج کردووە بۆ زیادکردنی ژمارەی ئامانجەکان بۆ ئەوەی ئیسرائیل ئامادەبێت تا ئەو کاتەی پێویست بکات لە ناوخۆی ئێران بدات.

لەگەڵ دیاریکردنی ئامانجە جێگیرەکان، شوێنپێی فەرماندە و سەرکردە باڵاکانی ئێران بە وردی هەڵگیراوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، هۆکاری سەرەکی بەشداریکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەدا، دەگەڕێتەوە بۆ “متمانەی واشنتۆن بە تواناکانی هەواڵگری و سەربازی ئیسرائیل” و ئەو دەستکەوتانەی لە جەنگی حوزەیرانی رابردوودا بەدەستهاتبوون.