"زمانی کوردی لە عەرەبی دەوڵەمەندترە"
دوای نوێژی تەراویح کێبڕکێ لەسەر زانینی وشەی کوردی پەتی دەکەن
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لە مزگەوتی ئاشتی قەزای کەلار، دوای نوێژی تەراویح کێبڕکێ لەسەر زانینی وشەی کوردی پەتی دەکرێت.
مەلا عەبدوڵا حەسەن مامۆستای ئایینی و وتارخوێنی مزگەوتەکە بە 964ـی وت،”زمانی کوردی ھیچی کەمتر نیە لە زمانەکانی دیکە، هاوشانی زمانی عەرەبی و بگرە دەوڵەمەندتریشە، بۆیە زۆر پێویستە گرنگی پێبدرێت و لەبری ئەوەی خەڵک سەرقاڵ بێت بە سۆشیاڵ میدیا و شتی بێمانا، حەزمانکرد بەدوای وشە کۆنەکانی باوە حاجی و دایە حاجیدا بگەڕێن”.
“وشەی زۆر جوان و جیاواز نوسراوە کە جیلی ئیستا ھەر نایزانن و بەکارناھێنرێت، حەزمانکرد جارێکیتر ئەو وشانە بدەینەوە بەگوێی گەنجەکان”، مەلا عەبدوڵا حەسەن وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، داوای لە نوێژخوێنان کردووە، هەر کامێکیان شەوانە 20 وشەی کوردی پەتی ببات، لەکۆتایدا تیروپشک بۆ ئەوکەسانە دەکرێت کە وشەکانیان بردووە و خەڵاتیان پێدەدرێت، خەڵاتەکانیش جلی کوردی و کتێبی بەسوودە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری