هەر مریشک نا.. گۆشتی سووریش نرخی فڕی

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە نەورۆز و مانگی رەمەزان، هاوشێوەی بەشێک لە کاڵاکانی دیکە گۆشتی سووریش سێ هەزار دینار نرخی گران بوو.

لە بەدواداچوونێکی 964 بۆ نرخی گوشت لەبازاڕی گوشتفروشانی زاخۆ، دەرکەوتووە کە نرخی گۆشت بەراورد بە 10 رۆژ پێش ئێستا گران بووە.

پێشتر نەرمە بە 13 هەزار بوو، ئێستا بووە بە 17 هەزار، دوگی مەڕ بە 9 بۆ 10 هەزار بوو، ئێستا بە 13 هەزارە و بەدەستیش ناکەوێت، پەراسوی گۆلک بە 9 هەزار بوو ئێستا بە 10 هەزارە.

موراد زاخۆیی، گوشتفروشە لە بازاڕی گۆشتفروشانی زاخۆ بە 964 وت، نەک تەنیا لێرە، بەڵکو لە تورکیا و عێراق و ئێرانیش گرانبووە، هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ گرانی عەلەف.

“30 ساڵە گوشت بەم ئەندازەیە گران نەبووە”. موراد وای وت، مەترسی ئەوەشی خستەڕوو بەردەوامبوونی ئەو دۆخە وادەکات خواردن لە خواردنگەکانیش گران بێت کە 60%ـی ئەوانەی گۆشتی لێدەکڕن خاوەن خواردنگەکانن.

کوڤان ئاڤدەل، بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی دەڵێت: ئاگامان لێیە نرخەکەی گرانبووە، بەردەوامیش بەدواداچوون بۆ بازاڕ دەکەین.

بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی قسەی بۆ 964 کردووە و دەشڵێت: زۆربەی کەرەستەکان نرخیان دابەزیوە، ئەگەریش پێش نەوروز نرخی گوشت دانەبەزێت ئەوا بێگومان لە مانگی رەمەزانی پیروز دادەبەزێت.

هەروەها وتی: ئەگەری گرانبوونەکە پەیوەستە بە نرخی عەلەف و بەهای دولار، دولار کاریگەری زۆری لەسەر هەموو شتێک کردووە و بێگومان گوشت و ئاژەڵیش دەگرێتەوە. بەڵام با هەموو کەس بزانێت ئەم گرانبوونە هیچ پەیوەندی بە وەرزی بەهار و هاتنی نەوروزەوە نییە.