چیرۆکى مام جەعفەر و هاوسەرەکەى

ئەو پارەیەی بە “بنێشت فرۆشی” کۆکرایەوە، دز بردی

964+

دەریا ئەحمەد- کۆیە

چیرۆکی مام جەعفەر، ئەو پیاوەی تەمەنێکی لە بازاڕی کۆیە لەسەر کورسییەک و لە پشت سینییە بنێشتەکەیەوە بەڕێ کرد، ئێستا بووەتە خەمێکی قورسی شارەکە. دزێک بێ گوێدانە سپییەتی ریش و دەستە لەرزیوەکانی ئەو پیرە پیاوە، هەرچی پاشەکەوتی تەمەنی هەبوو، لە کاتژمێرێکی بێدەنگدا بردی.

مام جەعفەر عەبدوڵا، کە سێ ساڵە نەخۆشی پەکیخستووە، تەنیا بۆ وەرگرتنی مووچە کەمێک لە ماڵەکەی دوورکەوتەوە. کاتژمێر 9ـی بەیانی ئەو رۆژەى موچە خانەنشینییەکەى هاتبوو، لەگەڵ حەلیمە خانمی هاوسەری چوون بۆ بانک، کاتێک گەڕانەوە، “دونیایان لێ بوو بە تاریکستان”. دەرگای ماڵەکەیان شکێنرابوو، 23 ملیۆن دینار کە “قوڕبەسەریی و ڕەنجی تەمەنێک بنێشت فرۆشتن” بوو، نەمابوو.

مام جەعفەر وتى، “9 ملیۆن لەو پارەیە هی هاوسەرەکەم بوو، بۆ عەمرەی دانابوو، ئێستا هیچم پێ نەماوە تەنانەت بنێشتی پێ بکڕمەوە و بیفرۆشم.” ئەو هاوسەرانەی بێ منداڵ و بە تەنیا لەگەڵ نەخۆشییەکانیان دەجەنگن، ئێستا تەنیا چاویان لە “ویژدان” و “یاسا”یە.

حەلیمە خانم ئێستاش هەر لە ماڵەوە بنێشت ئامادە دەکات و دەینێرێتە بازاڕ، بەڵام ئەو دزییە هەموو هیواکانیانی لێ تەڵخ کردن.

پۆلیسی کۆیە: “کەس لە یاسا دەرناچێت”

عەلی عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە بە 964ـى راگەیاند، دۆسیەکە زۆر هەستیارە و لێکۆڵینەوەیەکی وردی بۆ دەکرێت. وتیشی: “نامانەوێت هیچ لێدوانێک بدەین کار لە رێڕەوی لێکۆڵینەوە بکات، بەڵام دڵنیای دەدەین کە هیچ کەس ناتوانێت لە دەستی یاسا رزگاری بێت.”

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لەبری نوێژ و عیبادەت؛ سێ گەنج لە کۆیە دزییان لە مزگەوتە...

لەبری نوێژ و عیبادەت؛ سێ گەنج لە کۆیە دزییان لە مزگەوتەکان کرد