دەستڕێژی گولە لە سایەق تەکسیەک کرا
964+
ئاودێر عومەر – سلێمانی
بە مەلیکەکەی رێگەی لە شوفێری تاکسییەکە گرت و دوای دەمەقاڵێ، دابەزی و دەستڕێژی گولەی لێکرد. پۆلیس بەڵگە لەسەر تاوانەکە کۆدەکاتەوە و دەڵێت: هێشتا تەقەکەرەکە دەستگیر نەکراوە.
رووداوی تەقەکردنەکە لە شوفێری تاکسییەکە و سەرنشینێکی ناو تاکسییەکە، لە گەڕەکی بەرانان بووە لە سلێمانی کە دەکەوێتە پشت کۆمپانیای فاروق گروپ.
ئەو کەسەی تەقەی کردووە، ئۆتۆمبێلێکی سوپر کراونی پێبووە کە لەناو خەڵک بە مەلیکە ناسراوە.
بینیم پێنج فیشەکی تەقاند بە ئاڕاستەی قاچ و رانی سایەق تاکسیەکە و رۆیشت
شایەتحاڵێک کە رووداوەکەی دیوە و قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: گوێم لەدەنگە دەنگ بوو لەنێوان شوفێری تاکسیەک لەگەڵ کەسێکی دیکە کە ئۆتۆمبێلێکی مەلیکەی پێبوو.
“بیستم سایەق تاکسییەکە وتی قەرزەکەت نادەمەوە، خۆم بینیم کەسەکە پێنج فیشەکی تەقاند بە ئاڕاستەی قاچ و رانی سایەق تاکسیەکەوە، بە کلکە دەمانچەش سەرنشینەکەی بریندار کرد و رۆیشت”. شایەتحاڵەکە وادەڵێت، ئەوەشی خستەڕوو دواتر پۆلیس گەیشتن و تا گەیشتنی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیش شوفێری تاکسییەکە زیندوو بوو.
رووداوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 11.3.2023، لە سلێمانی روویداوە.
لەسەر رووداوەکەش سەرچاوەیەک لە پۆلیسی سلێمانی بە 964 ی وت: تەقەکەرەکە دەستگیر نەکراوە، بەڵگەی پێویستمان لەسەر رووداوەکە کۆکردووەتەوە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق