په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

پێده‌چێت نوری مالیكی له‌ خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران بكشێته‌وه‌

+964

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی دووپاتی کردەوە کە بەرپرسیاریه‌تیی نیشتمانی پێویستی بە کارکردن هەیە بۆ راستکردنەوە و بەهێزکردنی رەوتی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق، جەختی لەسەر گرنگی کرانەوەی ئابووری و نێودەوڵەتی بۆ بنیاتنانی نەتەوە کردەوە.

ئه‌م په‌یامه‌ی نوری مالیكی پێده‌چێت ئاماژه‌یه‌ك بێت بۆ پاشه‌كشێی له‌ كاندیدبوون بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.

مالیكی ئه‌مشه‌و په‌یامه‌كه‌ی له پلاتفۆرمی “X” پۆست كردووه‌ و رایگەیاندووه‌، “بەرپرسیارێتی نیشتمانیمان بەرامبەر بە گەلەکەمان و نیشتمانمان، عێراق، ناچارمان دەکات هەوڵبدەین و شارەزایی خۆمان تەرخان بکەین بۆ راستکردنەوە و بەهێزکردنی رەوتی پرۆسەی سیاسی”.

هه‌روه‌ها باوەڕی خۆی بە عێراقێکی “دیموکراسی، مەدەنی” دەربڕی کە کراوە بێت بۆ هاوبەشییە نێودەوڵەتییە دروستەکان.

مالیکی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە هەنگاو بەرەو بنیاتنانی پەیوەندی ئابووری لەگەڵ زلهێزە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمریکا و ئەوروپا ئامانجی شۆڕشکردنە لە کەرتی ژێرخان، پەروەردە، خزمەتگوزاری، و وزە، خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی وڵات دەکات.

لە بارەی سەروەریی عێراقیشه‌وه‌، نوری مالیکی جەختی لەوە کردەوە کە شوناسی نەتەوەیی “ناسنامەیەکی تەواو عێراقییە” کە لەسەر بنەمای ئیرادەی گەل دامەزراوە، دووپاتیشی کردەوە کە بڕیارەکانی عێراق بە پلەی یەکەم لە بەرژەوەندیی گەلەوە سەرچاوە دەگرن.

هاوکات ئامادەیی عێراقی بۆ هاوکاری و یەکگرتنی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەربڕی و ده‌ڵێت، “دەستمان بۆ هاوکاری بۆ بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە و جیهان درێژ دەکرێتەوە”.

به‌ گوێره‌ی شڕۆڤه‌ی چاودێرانی سیاسی له‌ عێراق، ئه‌م په‌یامه‌ی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا، وه‌ك ئاماده‌كارییه‌كه‌ بۆ كشانه‌وه‌ی له‌ ركابه‌ری وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، كه‌ خودی سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند رازیی نین به‌و كاره‌ و ئه‌گه‌ر مالیكی ببێته‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌مریكا هاوكارییه‌كانی بۆ عێراق راده‌گرێت.

نوری مالیكی: نه‌كشاومه‌ته‌وه‌ و ناكێشمه‌وه‌

نوری مالیكی: نه‌كشاومه‌ته‌وه‌ و ناكێشمه‌وه‌