حه‌وت پرۆژەی ستراتیژی بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی راگه‌یاندرا
دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پرۆژە زانستییەکان
حه‌وت پرۆژەی ستراتیژی بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی راگه‌یاندرا
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
نووسینگەی راوێژکاریی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بۆ پرۆژە زانستییەکانی زمان، ئەدەب و کولتووری کوردی، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، لە بۆنه‌یه‌كدا له هه‌ولێر، حەوت پرۆژەی ستراتیژی بۆ گەشەپێدان و پێناسەکردنی زمانی کوردی راگەیاند.
بۆنه‌كه ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 22.2.2026 له هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵا به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك به‌رپرس و كه‌سایه‌تیی دیار و پارێزگاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.
راگه‌یاندراوی پارێزگاری هه‌ولێر له‌مباره‌یه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، له سیمینارێكدا دكتۆر فریاد فازیل، راوێژكار له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، پڕۆژه‌كه‌ی راگه‌یاند و بڕگه به بڕگه‌ی خاڵه‌كانی شیكرده‌وه.
“زمانی كورد بۆ ئه‌وه‌ی به‌جیهانی بكرێ، پێویسته كاری وردی ئه‌رشیفی و عه‌قلانی و ته‌كنۆلۆژی له‌سه‌ر بكرێ”، ئه‌مه قسه‌ی دكتۆر فریاد فازیله.
له باره‌ی پڕۆژه‌كه‌ش ئاشكرای كردووه، زمانی كوردی‌یان به زمانه‌كانی ئه‌وروپی و چینی و كۆری و زمانی دیكه‌ی زیندووی جیهان ئاشنا كردووه، له رووی گرامه‌ر و سینتاكس و مۆرفۆلۆجی وردی زمانه‌وانی كاریان له‌سه‌ر زیاتر له 30 هه‌زار وشه‌ی كوردی كردووه، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له رێگه‌ی ئه‌پلكه‌یشنێكی زانستی كاری پرۆگرامسازی بۆ نه‌خشێندراوه، ئه‌مه‌ش له پێناو ئه‌وه‌ی زمانی زگماكی كوردی بە ئاسانترین شێوە فێر بكرێ و وه‌ربگیرێ و پارێزراو بێت .
ئه‌و راوێژكاره‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران داوای كرد وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا به جیدی له قوتابخانه و زانکۆکان سوود له پڕۆژه‌كه وەربگرن و له داموده‌زگا ئه‌كادیمی و فه‌رمییه‌كان بخرێته به‌رنامه‌ی كاره‌وه، وه‌ك له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه.