بەهێزترین یاریی ئەمڕۆ

راهێنه‌ری دهۆك: خۆمان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شوڕته‌ ئاماده‌كردووه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

له‌ خولی نایابی عێراقدا یانه‌ی دهۆك له‌ به‌غدا رووبه‌ڕووی یانه‌ی شوڕته‌ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش قورسترین تاقیكردنه‌وه‌ی یانه‌كه‌یه‌ له‌م وه‌رزه‌دا، راهێنه‌ری دهۆكیش ده‌ڵێت، كاریان له‌سه‌ر خاڵی به‌هێز و لاوازی شوڕته‌ كردووه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 11.3.2023 ده‌ستپێكی قۆناغی دووه‌می خولی نایابی عێراقه‌ و گه‌ڕی 20ی ئه‌م وه‌رزه‌ ده‌ستپێده‌كات، له‌ به‌هێزترین یارییشدا یانه‌ی دهۆك له‌ یاریگه‌ی شه‌عب له‌ به‌غدا، رووبه‌ڕووی یانه‌ی شوڕته‌ی پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ و یه‌كێك له‌ به‌هێزترین تیپه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ ده‌بێته‌وه‌.

دهۆك چه‌ند رۆژێكه‌ ئاماده‌كاری چڕوپڕ بۆ یارییه‌كه‌ ده‌كات و ده‌یه‌وێت به‌ ئه‌نجامێكی باش ده‌ركه‌وێت.

سلێمان ره‌مه‌زان راهێنه‌ری یانه‌ی دهۆك ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 11.3.2023 له‌ په‌یوه‌ندییه‌كدا به‌ تۆڕی 964ی وت، “وه‌ك هه‌ر یارییه‌كی دیكه‌ خۆمان ئاماده‌كردووه‌، شوڕته‌ یه‌كێكه‌ له‌ باشترین یانه‌كانی عێراق، یاریزانی زۆرباشیان هه‌یه‌ و له‌سه‌ر كورسی یه‌ده‌گیشدا یاریزانی وای هه‌یه‌، كه‌ ده‌توانن یاریی یه‌كلابكه‌نه‌وه‌”.

وتیشی: “چه‌ند رۆژێكه‌ كار له‌سه‌ر خاڵه‌ به‌هێز و لاوازه‌كانی شوڕته‌ ده‌كه‌ین و خۆمان به‌ شێوه‌یه‌كی باش ئاماده‌كردووه‌ و حیسابی خۆمان بۆ یارییه‌كه‌ كردووه‌، به‌ڵام چه‌ند یاریزانێكی گرنگی ئێمه‌ش به‌شداریی ناكه‌ن”.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی 964، هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌حمه‌د به‌شاری گۆڵپارێز، محه‌مه‌د نیزال و ژیار گۆڤه‌ند له‌ پێكهاته‌ی دهۆك به‌هۆی پێكانه‌وه‌ یاریی ناكه‌ن، هه‌روه‌ها به‌شداریكردنی محه‌مه‌د سه‌عیدیش هێشتا دیار نییه‌.

له‌ ریزبه‌ندی خولی عێراقدا یانه‌ی شوڕته‌ له‌ پله‌ی دووه‌مه‌ به‌ 39 خاڵ و دوو خاڵ له‌ جه‌وییه‌ی خاوه‌ن پله‌ی یه‌كه‌م دووره‌، یانه‌ی دهۆكیش له‌ پله‌ی شه‌شه‌مه‌ و 32 خاڵی هه‌یه‌.

بۆ بیرهێنانه‌وه‌، هه‌ردوو یانه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا له‌ یاریگه‌ی دهۆك به‌ 1-1 گۆڵ یه‌كسان بوون.

خشته‌ی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ له‌ خولی عێراق:
نه‌فتی وه‌سه‌ت – كاره‌با  15:00
ئه‌لقاسم – ته‌ڵه‌به‌ 17:15
شوڕته‌ – دهۆك  19:30.