"بەو مەرجەی قورئانت لەبەربێ"
لە رەمەزاندا ژن بێنە و پێنج مسقاڵ زێڕ وەک هاوکاری وەرگرە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
لە مزگەوتی حاجی بارۆ گەردی پڕۆژەیەکی خێرخوازی وەک هاوکاری بۆ تازەزاواکان کراوەتەوە، بەشێوەیەک ئەگەر لە مانگی رەمەزاندا ژن بهێنن، پێنج مسقاڵ زێڕ یان پێنج ملیۆن دیناریان پێدەدرێت بەو مەرجەی قورئانیان لەبەربێت.
عەلی تاهیر مامۆستای ئایینی و وتاربێژی مزگەوتی حاجی بارۆ گەردی کە سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکات، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “هاوکارییەکە تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە ژنی یەکەم دێنن و شمولی ئەوانە ناکات کە دەیانەوێت ژنی دووەم بهێنن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، مەرج نییە ئەو کەسە ئێستا قورئان لەبەر بکات، ئەوانەی پێشتریش قورئانیان لەبەر کردووە و ئێستا ژن دەهێنن، هاوکارییەکەیان پێدەدرێت.
مامۆستا عەلی وتیشی، ئامانجیان لەو کارە تەنیا هاوکاری گەنجە کەمدەرامەتەکان و هاندانیانە بۆ سەر رێگای راست.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری