لۆگۆی وەزارەتی پەروەردە - وێنە: 964
وەزارەتی پەروەردە:
ملیۆنێک و 900 هەزار قوتابی لە هەرێم بە زمانی کوردی دەخوێنن
964+
توانا نەقی
ئەمڕۆ رۆژی جیهانی زمانی دایکە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمیش دەڵێت، ملیۆنێک و 900 هەزار قوتابی لە قوتابخانەکان بە زمانی کوردی دەخوێنن، ئەمە جگە لەوەی ئەو قوتابیانەی پێکهاتەکان کە بە زمانی خۆیان درێژە بە خوێندن دەدەن.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لەسەر رۆژی زمانی دایک راگەیندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، وەزارەتی پەروەردە گرنگیی تایبەتی بە زمانی کوردی داوە کە زمانی خوێندنی یەک ملیۆن و 900 هەزار قوتابیی ناو ناوەندەکانی خوێندنە.
لە هەمان کاتیشدا، بایەخی تایبەتی داوە بە زمانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان (خوێندنی تورکمانی، سریانی و ئەرمەنی) لە چوارچێوەی پاراستنی مافەکانیان و کلتووری دەوڵەمەندی پێکەوەژیان لە کوردستاندا.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ گرنگیدان بە زمانی کوردی کاریان زۆر کردووە لەوانە، پێداچوونەوە و دانانی کتێبی نوێی کوردی، هەڵسەنگاندنی ساڵانەی ئاستی زمانی کوردی بۆ قوتابیانی پۆلەکانی پێنجەم و هەشتەمی بنەڕەتی لە قوتابخانە ناحکومییەکان، فەراهەمکردنی خوێندنی ئۆنلاین بۆ سێ هەزار کورد لە دیاسپۆرا، هەروەها چاپکردنی زیاتر لە 30 تۆن کتێب و ناردنیان بۆ قوتابخانە خۆبەخشەکانی دەرەوەی وڵات.
دەشڵێت، وەزارەتی پەروەردە لە رێگەی پلاتفۆرمی دیجیتاڵی (قوتابخانەکەم) و جێگیرکردنی زیرەکیی دەستکردی (زانا) لەناو پلاتفۆرمەکەدا، خزمەتێکی گەورەی بە (دیجیتاڵکردنی زمانی کوردی) کردووە.