سەرفیترە 3 هەزارە
ئەنجومەنی فەتوا بڕی زەکاتی پارە و زێڕی بۆ ئەمساڵ دیاریکرد
964+
وریا فەتاح
ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم بڕی زەکات و سەرفیترەی بۆ ئەمساڵ دیاریکرد؛ هەر کەسێک 3 ملیۆن دیناری هەبێت دەبێت زەکات بدات و سەرفیترەی هەر کەسێکیش بە 3000 دینار دیاریکراوە.
ئەمڕۆ، ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان لە راگەیەندراوێکدا وردەکارییەکانی خستەڕوو، بەپێی بڕیارەکە بۆ ئەمساڵ سەرفیترەی هەر کەسێک 3000 دینارە، هەروەها فیدیەی رۆژووش بۆ ئەوانەی بەهۆی نەخۆشی یان هۆکاری شەرعییەوە ناتوانن بەڕۆژوو بن، بۆ هەر رۆژێک 3000 دینار دیاریکراوە.
وردەکاریی زەکاتی پارە و زێڕ بەمجۆرەیە:
زەکاتی پارە:
نیسابەکەی بە 3 ملیۆن دینار دیاریکراوە، واتە هەر کەسێک ئەو بڕە پارەیەی هەبێت و ساڵی بەسەردا سوڕابێتەوە، دەبێت “2.5%”ـی بکاتە زەکات.
بۆ هەر ملیۆنێک 25 هەزار دینار دەکەوێت.
بۆ هەر دەفتەر دۆلارێک (10,000 دۆلار)، 250 دۆلار دەکەوێت.
زەکاتی زێڕ:
نیسابی زەکاتی زێڕ 20 مسقاڵە، ئەگەر ساڵی بەسەردا تێپەڕی، دەبێت نیو مسقاڵی لێ بدرێت بە زەکات، ئەگەر 40 مسقاڵ بوو، 1 مسقاڵ واجب دەبێت.
زەکاتی خشڵی ئافرەتان:
بۆ زێڕ و خشڵی ئافرەتان کە بۆ جوانی بەکاریدەهێنن و بازرگانی پێوە ناکەن، نیسابەکەی بە 200 مسقاڵ دیاریکراوە، ئەگەر گەیشتە ئەو بڕە دەبێت **2.5%**ـی لێ بدەن.
زەکاتی زیو:
نیسابی زەکاتی زیو بە 200 دیرهەم دیاریکراوە کە دەکاتە 140 مسقاڵ، ئەگەر گەیشتە ئەو بڕە واجبە **2.5%**ـی لێ بدرێت بە زەکات.