بڕیارێکى بەپەلە
لە باشماخ؛ گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ ئێران راگیرا
964+
وریا فەتاح
لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، هیچ هاوڵاتییەک ناتوانێت بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی لە دەروازەکانی باشماخ و شۆشمێوە بچێتە ناو خاکی ئێران.
هەردوو بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ و دەروازەی شۆشمێ (تەوێڵە) ئاگادارییەکیان بڵاوکردەوە؛ بڕیارەکە سەرجەم گەشتیاران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی دەگرێتەوە.
رێککەوتی1.3.2026 بەدواوە، هاتووچۆکردن بە ئۆتۆمبێلی گەشتیاری و تایبەت لەو دوو دەروازەیەوە بەرەو کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەواوی ڕادەگیرێت.
دەروازەکان دەڵێن، مەبەست لەم بڕیارە دانانی رێکار و میکانیزمی گونجاو و رێکخستنەوەی کاروبارەکانە بەپێی رێنمایی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان.
راگرتنی گەشتەکان بە ئۆتۆمبێلی تایبەت کاتییە و دەروازەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەر کاتێک کاروبارەکان رێکخرانەوە، جارێکی دیکە دەستپێکردنەوەی گەشتەکان رادەگەیەنن.
داواکاری لە هاوڵاتیان: “داوا دەکەین لە ١ـی ٣ـەوە هیچ گەشتیارێک بە ئۆتۆمبێلی تایبەتەوە سەردانی دەروازەی باشماخ و شۆشمێ نەکات بە مەبەستی گەشتکردن بۆ ئێران، چونکە ڕێگەی پێنادرێت.”