ئەوانەى بە ئامانجگراون بە ناسنامە ئێرانین

“هێرشەکەی سەر رێگای پیرەمەگروون بە درۆن بووە”

وریا فەتاح

رێکخراوی CPTـی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، ئەو تەقینەوەیەی ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر رێگای سلێمانی – دوکان روویدا، هێرشی درۆن بووە و ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتیانی ئێرانی کردووەتە ئامانج.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی رێکخراوی CPTـی ئەمریکی بە 964ـی راگەیاند: “ئەو ئۆتۆمبێلەی لە نێوان پیرەمەگروون و بازگەی کەڵەوانان تەقیوەتەوە، بە درۆنەوە کراوەتە ئامانج.”

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانەی لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، هەڵگری ناسنامەی ئێرانین.

کاتژمێر 7:40 خولەکـی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندگرۆزەر لە نزیك گوندی “حەسەن تەپە” تەقییەوە و ئاگری گرت.

پێشتر سیروان سەرحەد، قائیمقامی قەزای دوکان بە 964ـی راگەیاندبوو، کە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا دوو کەس هەبووە، یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەویتریان بریندار بووە.