فڕۆکە گوندێکی قەرەهەنجیری بۆردوومان کرد و کوژراو هەیە

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

بە قسەی شایەتحاڵەکان بۆ 964، دەوروبەری کاتژمێر 5:30ی سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان گوندی سەیدانی خوارووی لە ناحیەی قەرەهەنجیر بۆردوومان کردووە و کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی چەمچەماڵ بە 964ی وت، زانیارییە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن، کەسێک گیانی لەدەستدابێت و کەسێک یان زیاتر بریندار بووبێت لە بۆردوومانەکەدا.

زانیاریی نوێ هات
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی چەمچەماڵ بە 964ی وت، تاوەکو ئێستا یەک بریندار گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو لە چەمچەماڵ، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی سلێمانی کراوە.
هەروەها وتی، ئەمبوڵانس رەوانەی گوندی سەیدانی خواروو لە سنووری ناحیەی قەرەهەنجیر کراوە بۆ گواستنەوەی بەرکەوتووەکانی دیکە.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، کاتژمێر 5:30ی ئەم ئێوارەیە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ناوچەیەکی ئەو گوندەی کردووە و کەسێک کوژراوە، زیاتر لە یەک کەسیش بریندارە.